ئێران بۆ عێراق: پێشبینی هاتنی ملیۆن و نیوێک زیارەتکار بکەن

964+

راژان باجەلان – خانەقین

ئێران پێشبینیی دەکات، بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حسێن، نزیکەی یەک ملیۆن و نیو زیارەتکار لە خانەقینەوە بچنە کەربەلا و نەجەف، بۆ ئەمە داوای لە عێراق کردووە ئامادەکاری بکەن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 31.7.2023، لە مەرزی مەنزەریە هەردوو لایەنی عێراقی و ئێرانی کۆبوونەوە، پلان و داواکاری هەردوولا لەبارەی ئامادەکارییەکان خرایەڕوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوو وەزیری ناوخۆی عێراق و ئێران و پارێزگارەکانی دیالە و کرماشان و قایمقامی خانەقین و ژمارەیەک لە بەرپرسانی هێزە ئەمنییەکانی هەردوولایەن ئامادەبوون.

قایمقامی خانەقین، دلێر حەسەن سایە بە 964ـی راگەیاند، بەهۆی بەڕێکەوتنی زیارەتکارە ئێرانییەکان لە خانەقینەوە بۆ کەربەلا و نەجەف، لایەنی ئێرانی داوایکردووە مەرزی مەنزەریە 24 کاتژمێر کراوە بێت و ژمارەی کۆمپیوتەر و فەرمانبەران زیادبکرێت بە تایبەت لە 15 رۆژی کۆتاییدا.

هەروەها وتیشی، لایەنی ئێرانی پێشبینی تێپەڕبوونی ملیۆنێک تا ملیۆن و نیوێک زیارەتکەریان کردووە لە مەرزی مونزریەوە، کە لە هەر رۆژێکدا ژمارەیان لە نێوان 50 بۆ 100 هەزار کەس ببێت.

ساڵی رابردوو، زیاتر لە 400 هەزار کەس لە وڵاتی ئێرانەوە بە مەرزی مونزریەدا تێپەڕبوون و چوون لە نەجەف و کەربەلا بەشداریان کرد لە مەراسیمی چلەی ئیمام حسێن.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر