پێویستە تەمەنی پڕۆژەکان ساڵێک کەمتر نەبن

UN لە سلێمانی؛ تا ٣٠ هەزار دۆلار بێ بەرانبەر دەداتە پڕۆژە کشتوکاڵییەکان

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بڕی ٥ تا ٣٠ هەزار دۆلار دەدرێت بە پڕۆژە کشتوکاڵییە بچووک و مامناوەندییەکانی پارێگای سلێمانی، پڕۆژەکە رێکخراوێکی سەر بە نەتەوەیەگرتووەکان بە هەندی مەرج دەیدات. پارەکەش ناگەڕێندرێتەوە.

+964 دەزانێت، پڕۆژەکە بەناوی هاوکاری دارایی بۆ فراوانکردن و گەشەپێدانی پڕۆژەکان لە رێگەی ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کۆچ و سندووقی پەرەپێدانی پڕۆژەکانەوە بەڕێوە دەچێت.

شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی بە +964ـی وت: “ئەو هەوڵەی رێکخراوی ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کۆچ، ماوەی شەش مانگە لە لێکۆڵینەوەدایە، ئێستا چووەتە بواری جێبەجێکردن، ئەمەش هاوکارییەکی باشی پڕۆژەکان دەکات”.

دیارترین ئەو مەرجانەی رێکخراوەکە بۆ پڕۆژەکانی دیاری کردووە کە هاوکاری پێشکەش بکات ئەوەیە هەلی کاری بۆ ٣ تا ٥٠ کەس برەخسنێت و خاوەنەکەی عێراقی بێت و تەمەنی پڕۆژەکەش کەمتر لە ساڵێک نەبێت.

بە پێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی، زیاتر لە پێنج هەزار پڕۆژەی مامناوەندی کشتوکاڵی و مەڕوماڵات لە پارێزگاکە بوونیان هەیە.

شاڵاو جەمال ، دەشڵێت؛ هەتا ئێستا دیار نیە چەند پڕۆژە هاوکارییەکەیان پێ دەدرێت، چونکە لیژنەیەکی پسپۆڕی ئەوان پێداچوونەوە بە داواکارییەکان دەکەن، هەر خۆشیان بڕی پارەکە دەستنیشان دەکەن و لە جوتیارەکەش وەریناگرنەوە.

زیاتر وتی “ئەو پرۆژەیە هاوکارییەکی زۆر باشی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان و مەڕوماڵاتییەکان دەکات، بەڵێنی ئەوەشیان داوە کە بەردەوام دەبن”.