لە گۆیژە و ئەزمەڕ ئیدی گۆشت برژاندن و دوکەڵی نێرگەلە نەما

964+

فەهمی نەبی

قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، هەرچی کۆشک و سەکۆی چیای ئەزمەڕ و گۆیژە هەیە تێکیانداوە و کورسی و نێرگەلەکانیان کۆکردووەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، قایمقامیەتی سلێمانی ئەو هەڵمەتەی ئەنجامداوە، ئەمەش لەبەرئەوەی پلەکانی گەرما بەرزن و مەترسی کەوتنەوەی ئاگر هەیە، هاوکات لە پێناو پاراستنی ئەو درەختانەیە، کە بەشێکیان تەمەنی هەریەکەیان زیاتر لە 40 ساڵە.

رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاندووە، جگە لە تێکدانی ئەو کۆشک و سەکۆیانە، دەستیانگرتووە بەسەر ئەو ئۆتۆمبێڵانەی خەڵوزیان بۆ ئەو کۆشکانە دابین دەکرد.

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت دەڵێت، هەڵمەتەکەیان بۆ رێگرییە لە کەوتنەوەی ئاگر.

لە ماوەی رابردوودا بۆ چەندینجار ئاگر لەو چیایانە کەوتووەتەوە و هەزاران دۆنم زەوی سووتاون و زیان بە درەختەکان کەوتووە.