شێوازی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی به‌رده‌ڕه‌ش ده‌گۆڕیت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

شاره‌وانى به‌رده‌ڕه‌ش ده‌ڵێت، شێوازى كۆكردنه‌وه‌ى زبڵ و خاشاكى ماڵانیان گوڕیوه‌، پێشتر یه‌ك حاویه‌ له‌ به‌رده‌مى ماڵاندا هه‌بوو، ئێستا كراونه‌ته‌ دوو حاویه‌.

ئه‌و بڕیاره‌ى شاره‌وانى به‌رده‌ڕه‌ش دواى نوێكردنه‌وه‌ى ئه‌و گرێبه‌سته‌ دێت كه‌ وه‌زاره‌تى شاره‌وانى له‌گه‌ڵ كۆمپانیایى MRF واژۆى كردووه‌ و كۆمپانیاكه‌ى پابه‌ند كردووه‌ كه‌ حاویه‌ى دووه‌م بۆ ماڵه‌كانى به‌رده‌ڕه‌ش دابین بكات.

سیروان حەسەن قادر، سەرۆکی شارەوانی بەردەڕەش به‌ 964ـى وت، لەمەودوا كۆكردنه‌وه‌ى زبڵ و خاشاكى ماڵان له‌لایه‌ن كۆمپانیاى MRF ده‌بێته‌ نۆره‌ “رۆژێك زبڵى وشك كۆده‌كرێته‌وه‌ و رۆژى دواتریش زبڵى ته‌ڕ”.

ئه‌و گۆڕانكارییه‌ى له‌ كۆكردنه‌وه‌ى زبڵ له‌ به‌رده‌ڕه‌ش كراوه‌ وه‌ك سه‌رۆكى شاره‌وانى ده‌ڵێت، بۆ كارئاسانى كردنى كارگه‌ى ریسایكلینه‌ كه‌ له‌ سنووره‌كه‌یاندا هه‌یه‌.

وتیشی “له‌سه‌ر كۆمپانیاى MRFـه‌ حاویه‌ى دووه‌م بێ به‌رامبه‌ر بۆ ماڵان دابین بكات”.

شاره‌وانى به‌رده‌ڕه‌ش ماڵه‌كان پابه‌ند ده‌كات كه‌ به‌و شێوازه‌ زبڵ و خاشاكه‌كانیان له‌ناو حاویه‌كانیان به‌جیا دابنێن، ده‌نا “زبل و خاشاکیان کۆناکرێتەوە”.