قایمقامیەتی کەرکوک دیواری ژمارەیەک ماڵ دەڕووخێنێت

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

لیژنەی زیادەڕۆی قایمقامیەتی کەرکوک، دیواری ژمارەیەک ماڵی گەڕەکی عەسکەری بە شۆفڵ دەڕووخێنێت و ئاگاداریان دەکاتەوە کە دەبێت هەر ماڵێک سێ مەتر بچێتە دواوە.

لێژنەی زیادەڕۆی کەرکوک بەبیانوی دروستکردنی باخچە و فراوانکردنی شەقامێکی گەڕەکی عەسکەری، دیواری پێشەوەی 20 خانووی رووخاندووە و دەڵێت دەست بە پرۆژەکە دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 25.7.2023، نەجات خورشید، دانیشتووی گەڕەکی عەسکەری بە 964ـی وت، لیژنەی زیادەڕۆی سەر بە قایمقامیەتی کەرکوک بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخەتە دیواری پێشەوەی ماڵەکەیانی روخاندوە.

“خانوەکانمان تاپۆیە، بەڵام سێ مەتر هاتوینەتە پێشەوە، ئێستا ئاگادارکراوین کە دەبێت سێ مەتر بکشێینەوە، ئێمەش دەڵێین با حکومەت لە بەرامبەر ئەو سێ مەترە بڕە پارەیەکمان لێوەربگرێت، بۆ ئەوەی نەروخێنرێت، لەکاتێکدا زیاتر لە 20 مەتر زەوی چۆڵ هەیە گەر مەبەستیان خزمەتگوزاری بێت”، نەجات خورشید وای وت.

فەلاح یایچی، قایمقامی کەرکوک بە 964ـی وت، ئەوان خۆیان دەزانن زیادەڕۆییان کردووە و هەروەها پێشتر عەریزەیان پێشکەش کردوە و داوای خزمەتگوزاریان کردووە.

“ئەو زەوییە موڵکی حکومەتە، لە چەند رۆژی داهاتوش دەست دەکرێت بە پرۆژەکە، کە خۆی لە شەقامێکی دووساید و خەدەمی و شۆستە و باخچە دەبینێتەوە”، قایمقامی کەرکوک وای وت.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر