هیچ یانەیەکی کوردستان بردنەوەی تۆمار نەکرد

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

له‌ كۆی چوار یانه‌ی كوردستان، كه‌ له‌ خولی نایابی عێراق به‌شدارن، دوو یانه‌یان دووچاری شكست بوون و دوو یانه‌ش یه‌كسان بوون.

له‌ گه‌ڕی نۆیه‌می خولی نایابی عێراق، كه‌ ئێواره‌ی شه‌ممه‌ كۆتایی هات، هیچ یه‌كێك له‌ یانه‌كانی كوردستان نه‌یانتوانی بردنه‌وه‌ تۆمار بكه‌ن.

یانه‌ی هه‌ولێر، كه‌ سێ یاریی رابردوو بردنه‌وه‌ی له‌سه‌ریه‌كی تۆمار كردبوو، له‌ گه‌ڕی ئه‌مجاره‌دا له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا و له‌ شاری نه‌جه‌ف، له‌گه‌ڵ یانه‌ی نه‌فتی وه‌سه‌ت به‌بێ گۆڵ یه‌كسان بوو.

یانه‌ی دهۆك، كه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ باش ده‌ستیپێكرد، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ یاریگه‌ی خۆیدا له‌م وه‌رزه‌ دۆڕا، كاتێك به‌ ٠-٢ گۆڵ به‌رامبه‌ر یانه‌ی كه‌رخ شكستی هێنا.


ئه‌مه‌ش دووه‌م شكستی یانه‌كه‌ بوو له‌م وه‌رزه‌دا له‌ كۆی نۆ یاری.

هه‌روه‌ها یانه‌ی نه‌ورۆز، كه‌ هێشتا یاریگه‌ی خۆی نییه‌ و له‌ به‌غدا یارییه‌كانی ده‌كات، له‌م گه‌ڕه‌دا له‌ یاریگه‌ی زه‌وڕا به‌ ١-٢ گۆل به‌ یانه‌ی كاره‌با دۆڕا.

دوایانه‌ش، یانه‌ی زاخۆیه‌، كه‌ بارودۆخی خراپه‌، ئه‌م گه‌ڕه‌ش نه‌یتوانی براوه‌ بێت و به‌بێ گۆڵ له‌گه‌ڵ یانه‌ی نه‌فتی میسان یه‌كسان بوو.

دوای كۆتاییهاتنی گه‌ڕی نۆیه‌م، له‌ ریزبه‌ندیی خولی عێراقدا، یانه‌ی هه‌ولێر بارودۆخی له‌ یانه‌كانی دیكه‌ی كوردستان باشتره‌، كه‌ له‌ پله‌ی ده‌یه‌مه‌ به‌ ١٢ خاڵ.

هه‌روه‌ها یانه‌ی دهۆك له‌ پله‌ی ١٢یە بە ١١ خاڵ، یانەی نەورۆزیش لە پلەی ١٥یە و ٩ خاڵی هەیە.


ئەوەی بارودۆخی خراپه‌، یانه‌ی زاخۆیه‌، كه‌ له‌ پله‌ی ١٧یە و تەنیا ٦ خاڵی هەیە، بەمەش تیپەکە لە سنووری ناوچەی دابەزینە بۆ پلە یەکی عێراق.

له‌ خولی نایابی عێراق، كه‌ ئێستا یانه‌ی قوه‌ی جه‌وییه‌ له‌ پله‌ی یه‌كه‌مه‌ به‌ ٢١ خاڵ، ٢٠ یانە تێیدا به‌شدارن و چوار یانه‌ی كۆتایی ریزبه‌ند بۆ پله‌ یه‌ك داده‌به‌زن.