باندێکی ساختەکاری بەڵگەنامەی فەرمی دەستگیرکران
964+
توانا نەقی
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی باندێکی ساختەکاری بەڵگەنامەی فەرمی راگەیاند.
ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە ئەمڕۆ یەکشەممە، باندێکیان دەستگیرکردووە کە ژمارەیان سێ کەس بوون و کاریان ساختەکردنی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی بووە.
ئەوەش هاتووە، لە پێناو سەروەری یاسا و پابەندبوون بە بەڵگەنامە فەرمییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان و رێگریکردن لە ساختەکاری ئەو باندەیان دەستگیرکردووە.
هەریەک لە تۆمەتباران( م، ع، ع) و (ه، س، ب) و (ب، و، ت) لە کاتی دەستگیرکردنیاندا کۆمەڵێک بەڵگەنامەی ساختە دەستی بەسەرداگیراوە و تۆمەتباران هەستابوون بە دروستکردنی مۆڵەتی شۆفێری ساختە بە نرخی فەرمیبوون.
ئێستا تۆمەتباران بە مادەکانی 289 و 298ـی یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.