حەوت گەڕەکی دهۆک سێ رۆژ بێ ئاو دەبن

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

هەفتەیەک لەمەوبەر بۆرییەکی ئاو بەهۆی دروست کردنی جادەیەکی سەنتەری شاری دهۆک هەڵگیرا و ئیستا دووبارە دادەنرێتەوە و حەوت گەڕەکی دهۆک بۆ ماوەی سێ رۆژ ئاویان بۆ ناچێت.

ڤەگێر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی دهۆک بە 964ـی وت، بەهۆی دروست کردنی جادەی 20م لە گەڕەکی زرکا بۆ ماسیکا یەک بۆرییەکی گواستنەوەی ئاو قەبارەی
24 ئینج ببووە رێگر و پێویستی دەکرد رێڕەوەکەی بگۆردرێت، هەفتەیەک لەمەوبەر پارچەیەکی بڕدرا و ئیستا دووبارە گرێدەدرێتەوە و ئەم کارەش پێویستی بە سێ رۆژ کارکردن هەیە بۆیە حەوت گەڕەک ئاویان بۆ ناچێت.

وتیشی، ئەو گەڕەکانەی ئاویان بۆ ناچێت پیویستە رەچاوی بەفیڕۆنەدانی ئاو بکەن و گەڕەکەکانیش پێکهاتوون لە ماسیکا یەک و دوو، ماسیکا کادرا، ماسیکا گوندی، پاشا ستی، مالتا ئیسلام و شوقەکانیزەری لاند.

کارکردن لەو بۆرییە لە بەیانی دووشەممە 24.7.2023 دەستپێدەکات تاوەکو رۆژی چوارشەممە، بەڵام ئەو گەڕەکانە لە رۆژی پێنجشەممە ئاویان بۆ دەگەڕێتەوە، تەنیا ئەمڕۆ ئاویان دەدرێت و دەتوانن دەستیپێوەبگرن بۆ ئەوەی لەماوەی ئەم سێ رۆژەدا بێ ئاو نەبن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی