“بۆ مانگی 11 رێنمایی نوێ هەیە”

ئەمساڵ لە باشماخەوە زیاتر لە 13 هەزار ئۆتۆمبیل و ئامێر هاوردەکراون

964+
ئەحمەد مستەفا

لە شەش مانگی ئەمساڵدا لە رێگەی دەروازی باشماخ زیاتر لە 13 هەزار ئۆتۆمبێل و ئامێر هاوردەکراون، لە مانگی 11ـی ئەمساڵیشەوە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێلی 2022 قەدەغەیە.

رۆژانە بە تێکڕا 60 ئۆتۆمبیل، لە دوبەی و وڵاتانی ئەوروپا و یابان هاوردەی ئێران دەکرێت و لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخەوە دەهێنرێنە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە.

بەگوێرەی ئامارێکی گومرگی باشماخ کە تایبەت دەست 964 کەوتووە، لە 1.1.2023 بۆ 31.6.2023 ژمارەی ئەو ئۆتۆمبیل و ئامێرانەی هاوردەکراون بریتی بووە لە 13 هەزار و 943 دانە.

ئێستا ئۆتۆمبیلی مۆدیلەکانی (2021, 2022, 2023, 2024) لە هەمان دەروازە دەهێنرێنە نێو خاکی هەرێمی کوردستان، بەڵام شاخەوان ئەبوبەکر، بەرێوەبەری گومرگی باشماخ بە 964ـی وت، “لە 1.11.2023وە کۆتایی بە داخڵکردنی مۆدێل 2021یش دەهێنن”.

لە باشماخ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت، لێکۆڵینەوە لە (دەعم، لێدراوی، ئێرباگ، مواسەفاتە عێراقییەکان دەکات)، هەروەها گومرگیش لە راستی و دروستی مەنەفێست و ژمارەی شانسی و مۆدێلی ئۆتۆمبێلەکە.

“سەرجەم ئۆتۆمبیلە دروستکراوەکانی، ئەمریکی، یابانی، چینی و ئەوروپیەکان دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان، جگە لە دوبەی لە تورکیا و لە چین و ئەوروپاشەوە راستەوخۆ دەهێنرێتە ئێران و لەوێشەوە بۆ هەرێمی کوردستان“، شاخەوان ئەبوبەکر وای وت.