سوودی زۆرە

بەیانییەکەت بە قاوە دەستپێبکە

+964

ئەحمەد عەبدوڵا

خواردنەوەی قاوە لە بەیانیان بووەتە کولتورێکی جیهانی، خەڵكی لادێیەکی دوورە دەست و شارێکی مۆدێرن رۆژەکەیان بە خواردنەوەی قاوە دەستپێدەکەن.

964 سوودەکانی خواردنەوەی قاوەی لە بەیانیان بۆ ئامادەکردوون.

 بەئاگاهاتنەوە و ئامادەبوون

بۆ ملیۆنان کەس، خواردنەوەی قاوە لە بەیانیان واتا سەرنج و تەرکیزکردن، ئەمەش هەمووی بەهۆی کافایینەوەیە، کافایین بە خێرایی دەچێتە ناو خوێنەوە و دەچێتە مێشکەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی رژانی هۆرمۆنەکانی دۆپامین و نۆرۆئەپینفرین، کاری ئەو هۆرمۆنانەیە بە ئاگات بهێننەوە و ئامادەت بکەن بۆ تەواوی رۆژەکە.

رێگریکردن لە خەمۆکی و نەخۆشی دەروونی

توێژینەوەکان دەریانخستووە خواردنەوەی قاوە بە شێوەیەکی تەندروست کاریگەریی هەیە لەسەر تووشبوون بە خەمۆکی و کەمبوونەوەی کێشەی تەندروستی دەروونی، جگە لەوەش، داوەتکردنی هاوڕێ و هاوکارانت بە کوپێک قاوە هەستی هاوڕێیەتی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی زیاد دەکات.

بەرزکردنەوەی توانای جەستەیی

جگە لە سوودە دەروونییەکان، دەرکەوتووە،  قاوە توانای جەستەیی باشتر دەکات، کافایین دەردانی هۆرمۆنی ئەدرنالین زیاد دەکات، کە جەستە ئامادە دەکات بۆ کاری قورس و لێدانی دڵ زیاد دەکات بۆیە زۆرێک لە وەرزشوانان و ئارەزومەندانی لەشجوانی پشت بە قاوە دەبەستن بۆ زیاتر بەرگەگرتنی راهێنانی قورس.

 سەرچاوەی دژە ئۆکسان

قاوە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی دەستکەوتنی دژە ئۆکسانەکانە، دژە ئۆکسانەکان یارمەتی پاراستنی خانەکان دەدەن لە تێکچوون و کەمکردنەوەی هەوکردن و ئەگەری کەمکردنەوەی مەترسی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک نەخۆشییەکانی دڵ و هەندێک جۆری شێرپەنجە.

 قاوە وەک رۆتینی بەیانیان و خاڵی هاوبەشی نێوان کولتورەکان:

دروستکردنی قاوە لە بەیانیاندا دەکرێت رۆتینێکی باش بێت بۆ دەستپێکردنی رۆژەکەت و کاریگەریی باش لەسەر تەواوی رۆژەکەت جێبهێڵێت، چونکە قاوە لە ناو کولتورە جیهانییەکاندا تواوەتەوە و خاڵێکی هاوبەشە لە نێوان گەلانی جیهان، تۆ قاوەی قەزوانی کوردی دروست بکە و هاوڵاتییەکی ئیتاڵی خەریکی دروستکردنی ئێسپرێسۆ بەناوبانگەکەیانە و دانیشتوویەکی تورکیای دراوسێ رۆژەکەی بە قاوەیەکی تاڵی تورکی دەستپێدەکات.

قاوە کە لە دەنکی قاوەی برژێنراو دروست دەکرێت، دەنکە وشکراوەکانی قاوە بە پلەی جیاواز دەبرژێنرێن، بە پێی تامی خوازراو، دانە برژاوەکان دەھاڕدرێن و دەکرێنە ناو ئاوێکی کوڵاو، قاوە پڕفرۆشترین خواردنەوەی گەرمە لە سەرتاسەری جیهاندا، چەندان جۆری جیاوازی هەیە، ئێسپرێسۆ یەکێکە لە بەناوبانگترین جۆرەکانی.