رووپێوی دەستیپێکرد

لە هەرێم 4608 خێزان دەربارەی هەژاری پرسیاریان لێدەکرێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە ئەمڕۆوە بە شێوەیەکی مەیدانی، رووپێوی بۆ بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی خێزان لە ھەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بەو رووپێوییە هێڵ و رێژەی هەژاری لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاکان دیاریی دەکرێت.

رووپێوییەکە ماوەی یەک ساڵ دەخایەنێت، کە لە لایەن دەستەی ئاماری هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت.

بۆ زانینی رێژەی هەژاری، چاوپێکەوتن لەگەڵ چوار ھەزار و 608 خێزانی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ وەرگرتنی وەڵامەکانیان لەسەر پرسیارنامەی رووپێو کە لە 24 بەش پێکهاتووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 19.7.2023، شوان عەباس، بەرپرسی جێبەجێکردنی رووپێوی ئابووری و کۆمەڵایەتی خێزان لە دەستەی ئامار بە 964ـی راگەیاند، “ئەم رووپێوە بە دایکی رووپێوەکان بۆ وەرگرتنی ئامار دادەنرێت و گرنترین و فراوانترین زانیارییەکانی تێدا بەدەستدێت، کە پەیوەستە بە ژیانی خەڵک”.

جگە لە بابەتی هێڵ و رێژەی هەژاری، خێزانەکان ئەم پرسیارانەیان لێدەکرێت: ئاستی خوێندن و فێرکردن، بارودۆخی تەندروستی، بارودۆخی کۆمەڵایەتی، کۆچکردن، بەشەخۆراک و ئاسایشی خۆراک، نیشتەجێبوون، گەڕان بە دوای کار، کاری کشتوکاڵی، داهات، بوونی کەلوپەلی ناوماڵ، قەرز و سلفەی یارمەتی، شۆکەکان، بەکارهێنانی کات، دادپەروەری و رازیبوون و متمانە.

“هەروەها، سەبەتەی کاڵاکانی بەکارهاتوو لەلایەن خێزان سەرلەنوێ دروست دەکرێت و تێیدا ئەو کەلوپەل و کاڵایانە دادەنرێت کە خێزان رۆژانە، هەفتانە، مانگانە، شەش مانگ و ساڵی جارێک بەکاری دەهێنن بۆ ژیانیان”، دەستەی ئاماری هەرێم وا دەڵێت.

بە وتەی بەرپرسی جێبەجێکردنی رووپێوی ئابووری و کۆمەڵایەتی خێزان، لە دوای نزیکەی 14 مانگ ئەنجامەکانی رووپێوییەکە دەردەچن.