هه‌ولێر به‌بێ یاریكردن گه‌یشته‌ پێش كۆتایی جامی عێراق

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

یانەی ھەولێر به‌بێ ئه‌نجامدانی یاری، بۆ قۆناغی پێشکۆتایی پاڵه‌وانیه‌تیی جامی عێراق سه‌ركه‌وت، دوای ئەوەی ركابه‌ره‌كه‌ی خۆی له‌ پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ كێشایه‌وه‌.

یانەی بەحری كه‌ ده‌بوو له‌ قۆناغی هه‌شت له‌گه‌ڵ یانه‌ی هه‌ولێر یاریی بكات، ئه‌مڕۆ رایگەیاند، بە فەرمی بڕیاری کشانەوەی لە یارییەکەی قۆناغی هه‌شت داوه‌.

یانه‌كه‌ بڕیاره‌كه‌ی بۆ هۆكاری کۆتاییھاتنی گرێبەستی یاریزانەکانی گه‌ڕانده‌وه‌، كه‌ به‌ گشتی زۆربه‌ی گرێبه‌ستی یاریزانانی خولی عێراق له‌ سه‌ره‌تای مانگی حه‌وت كۆتایی دێت.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گرێبه‌ستی یاریزانانی به‌حری له‌ كۆتایی ئایاری رابردوو كۆتایی هاتووه‌، كه‌ خۆی یانه‌یه‌كه‌ له‌ خولی پله‌ یه‌كی عێراق به‌شداره‌.

یانه‌كه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد، دواكه‌وتنی به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كانی جامی عێراق، هۆكاری سه‌ره‌كییه‌ له‌و بارودۆخه‌ی دووچاری بوون.

بڕیار بوو 25ی ئه‌م مانگه‌ هه‌ولێر و به‌حری له‌ قۆناغی هه‌شتی جامی عێراق، له‌ یاریگه‌ی فرانسۆ هه‌ریری له‌ هه‌ولێر بێته‌ ئه‌نجامدان.