گشت وەزیرەکانی یەکێتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بایکۆت دەکەن

964+

هێمن بەکر – هەولێر

قوباد تاڵەبانی فەرمانی بە وەزیرەکانی یەکێتی کردووە کە بۆ کۆبوونەوەی یەکشەممەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران ئامادە نەبن، بەگوێرەی سەرچاوەیەکی تایبەت بۆ 964+.

زیاتر لە مانگێک دەبێت کە خودی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە.

پێشتر، 964+ ئەوەی بڵاوکردەوە کە ئامادەنەبوونی قوباد تاڵەبانی پەیوەندی بە گرفتەکانی هەیە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران.

سەرچاوەیەکی نزیک لە قوباد تاڵەبانی بە 964+ی وت، “قوباد تاڵەبانی فەرمانی کردووە بە وەزیرەکانی پشکی یەکێتی، بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران ئامادە نەبن، بەڵام لە وەزارەتەکانیان ئەرکەکانیان رابپەڕێنن”.

باسی لەوەشکرد، کە ئەو فەرمانەی قوباد تاڵەبانی بریکاری وەزیرەکانیش دەگرێتەوە، دەیەوێت هیچ یەکێتییەک بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران نەبێت.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان شەش وەزیری هەیە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری پێشمەرگە، خوێندنی باڵا، پلاندانان، رۆشنبیری، کشتوکاڵ لەگەڵ وەزیری هەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ.

بە سۆراغی 964+، لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ئەحمەد مستەفا، سەرۆکی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، نوسراوێکی ئاراستەی دادگای رانیە کردووە، تێیدا هەریەک لە قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی بە تۆمەتبار لە کەیسی کوژرانی موراد کانی کوردەیی ناوبردووە.

موراد کانی کوردەیی فەرماندەیەکی پێشمەرگە بوو، لە رۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ لە رووداوێکی تەمومژاویدا کوژرا لەناو بازاڕی شاری رانیە.

هەروەها بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لەوە کرد، هێز براوەتە دەوروبەری ماڵی براکەی لە هەولێر.

ئەم رووداوەیان دوای کوژرانی هاوکار جاف بوو، فەرماندەکەی دژەتیرۆری کوردستان لە گەڕەکی سەربەستی شاری هەولێر، بەهۆی بۆمبی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەی.

گوایە ئەوەی هێزی بردووەتە نزیک ماڵی قوباد تاڵەبانی، ئەژی ئەمین بووە، کە چەند مانگێکە لە هەولێرە و خۆی وەکو سەرۆکی دەزگای زانیاریی/زانیاریی دەناسێنێت، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی رەتیدەکەنەوە ئەو پەیوەندی بەو دەزگایەوە مابێت.

نیگەرانییەکەی قوباد تاڵەبانی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، کە پێیوایە، “جوڵە بە هیچ هێزێک ناکرێت بە بێ پرسی مەسرور بارزانی لە هەولێر”.

پێشتر، میدیای یەکێتی لە زاری قوباد تاڵەبانییەوە بڵاویکردبووەوە، “تاوەکو نیگەرانییەكان نەڕەوێندرێنەوە بەشداریی دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران ناكەین”.

ئەوە لەکاتێکدایە، ئەگەرچی کاتی ئاسایی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرچووە، بەڵام بە دەنگی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو ٣١ی ١٢ی ٢٠٢٣ درێژکراوەتەوە.