چاوەڕێی پەرلەمان دەکەن

قەزایەک داوای کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە دەکات

+964

هۆگر عەدنان

قەزای بازیان تا ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی نییە، خوێندکار، مامۆستایان و کاربەدەستان لە چاوەڕوانی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن.

لە 23ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2021، بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڕیاردرا ناحیەکانی عەنکاوە و پیرمام لە پارێزگای هەولێر و ناحیەی بازیان لە پارێزگای سلێمانی بکرێن بە قەزا، ئەم بڕیارە لە 18ی کانوونی دوەمی 2022 چووە بواری جێبەجێکردنەوە

ئیسماعیل ئەحمەد قایمقامی قەزای بازیان بە 964ی وت، “لەسەر پرسی کردنەوەی بەڕێوبەرایەتیی پەروەردەی قەزای بازیان لەگەڵ وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی کۆبووینەتەوە و بڕیار بوو بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە لە بازیان بکرێتەوە”.

“هەموارکردنەوەی یاسای وەزارەتی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان بوو، کە کۆمەڵێک چاکسازی لەخۆگرتووە، بەڵام دواتر بە هۆی کێشەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانی کوردستان کارەکە وەستا، ئێستادا چاوەڕوانی ئاساییبوونەوەی  دۆخی پەرلەمان و تێپەڕاندنی یاسای پەروەردە دەکەین، ئەوەی لە توانای ئێمەدا بێت درێغی ناکەین”، قایمقامی قەزای بازیان وای وت.

قەزای بازیان، 100 قوتابخانە و باخچەی ساوایان و نزیکەی 30 هەزار قوتابی، هەروەها نزیکەی سێ هەزار مامۆستای هەیە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا