سەروو 40 ساڵە منداڵیان نییە و تام و بۆنی ژینی لادێیان لێ نەگۆڕاوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
کاتژمێر 5ـی بەیانیە، ھێشتا خەڵکی شار بەخەبەر نەھاتوون، دوو ھاوسەر ژیانی گوند ناچاری کردوون بەم کاتە بەخەبەر بن.
قادر ساڵح و حەیات محەمەدی تەمەن 87 ساڵ و 66 ساڵ، دوو ھاوسەری گوندنشینن لە تازەدێی سەر بە قەزای کەلار، لە خانوویەکی گڵدا ژیانێکی سادە و پڕ ماندوێتی بەسەر دەبەن.
ئەوان بەبیریان نایەت کەی ھاوسەرگیریان کردووە، دەڵێن نزیکەی 40 بۆ 50 ساڵ دەبێت ھاوسەرن، رۆژانە پێکەوە لەگەڵ بانگی بەیانی دەستدەکەن بە کارەکانیان.
حەیات دوای ئەوەی نان و چای بەیانی بە قادری ھاوسەری دەدات، دەستدەکات بە پێدانی دان و خواردن بە مریشک و قاز و قەلەکانی و پاشان لە ماڵ دەیانباتە دەرەوە.
حاجی قادریش رۆژانە تاوەکو ھاوسەرەکەی ئەو کارانە دەکات دەڕواتە ناو بۆیسانەکەی تەنیشتی ماڵەکەی و ھەندێک سەوزەواتی وەک بیبەر و باینجان و بامێی چاندووە و لێیان دەکاتەوە.
ئەوان بژێوی ژیانیان لەسەر بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەرە و بەخێویان دەکەن و دەیانفرۆشنەوە.