پلەكانی گەرما بەرزە و ئاگاداری خۆتبە
لە پۆڵەندا دەوڵەت نامەی بۆ هاوڵاتیان ناردووە
964+
كوردستان ئەحمەد
پلەكانی گەرما لە پۆڵەندا نزیك بووەتەوە لە 30 پلە، حكومەت نامەی بۆ هاوڵاتیان ناردووە و دەڵێت ئاگاتان لە تەندروستیتان بێت و مەچۆرە بەر خۆر.
قوتابییەكی كورد، لە پۆڵەندا دەژی لە شاری پۆزنان، بەیانی ئەمڕۆ نامەیەكی بۆ هاتووە، لەسەری نوسراوە، هاوڵاتی خۆشەویست، پلەكانی گەرما نزیك دەبنەوە لە 30 پلە و داوات لێدەكەین ئاگاداری خۆت بیت و نەچیتە بەر خۆر، بۆ ئەوەی توشی وشكبوونەوەی لاشەت نەبیت.
لە بەشێكی دیكەی نامەكەدا نووسراوە، ئەگەر تووشی كێشەی تەندروستی بوویت، تكایە پەیوەندی بكە بە 112ەوە بۆ ئەوەی بە زووترین كات كێشە تەندروستییەكانت چارەسەر بكەین.
ئەم وێنەیە نامەكەی وەزارەتی تەندروستی پۆڵەندایە بۆ هاوڵاتیان
شەپۆلێكی گەرما رووی لە ئەوروپا كردووە، لە بارەی شەپۆلەكەوە لە میدیاكان نووسراوە، خۆتان بپارێزن لە شەپۆلی دەروازەی جەهەنەم كە رووی لە وڵاتەكە كردووە، چەند ساڵێكە ئەوروپا لە وەرزی هاویندا بە پلەی گەرمی بەرزدا تێدەپەڕێت.
گۆران عەبدوڵا پزیشکی پسپۆڕی هەناوییە و شارەزاییەكی نێودەوڵەتی هەیە لە بواری پزیشكیدا، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ 964 وتی، لەوكاتەی پلەكانی گەرما دەگاتە 40 پلە پزیشكەكان رێنمایی هاوڵاتیان دەكەن رۆژانە زیاتر لە 12 پەرداخ ئاو بخۆنەوە بۆ جێگرتنەوەی ئەو بڕە شلەمەنییەی جەستە لە رێگەی ئارەقكردنەوەوە لەدەستیداوە .
گۆران عەبدوڵا لە بەردەوامی قسەكانیدا وتی، بۆ هەركاتژمێرێك لانی كەم پێویستە یەك پەرداخ ئاو بخورێتەوە و ئەگەر ماوەی 8 كاتژمێر بخەویت و بەمەش 16 كاتژمێر دەمێنێتەوە، كە مرۆڤ بەخەبەر دەبێت، بۆ ئەوەش پێویستە 16 بۆ 12 پەرداخ ئاو بخورێتەوە، ئەمەش رێگریی دەكات لە وشكبوونەوەی لەش و بەرگری و توانای جەستە بە چالاكی دەهێڵێتەوە .