“ئاردى ئه‌م مانگه‌ش نانى جوانى لێدێت”
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
به‌قسه‌ى بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی، ئاردى ئه‌م مانگه‌ش وه‌ك ئاردى مانگى شوباتى رابردوو، ئاردێكی باشه ده‌ڵێن له‌ده‌ست خۆیان مه‌ده‌ن، چونكه “نانێكی باشی لێدێت”.
پێنجه‌م به‌شه ئارد له‌هه‌رێمی كوردستان دابه‌شی سه‌ر بریكاره‌كانى خۆراك كرا، وه‌ك باسده‌كرێت، گەنمەكەى كراوه‌ته ئارد خۆماڵییه و له‌گه‌ڵ گه‌نمى ئەمریكی و ئوستڕاڵی تێكه‌ڵكراوه و ئاردێكی باشی لێده‌رچووه.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هه‌رێم، بە 964ـی راگەیاند، له‌مڕۆوه دەست بە دابەشکردنی بەشەئاردی پێنجەمی ئەمساڵ كراوه و دراوه‌ته بریكارەكان.
وتیشی “ئاردێكى زۆر باشە و تاقیکراوەتەوە و نانێکی زۆر جوانی لێ دێت، بۆیه داوا لە هاوڵاتیان دەکەین وەریبگرن و بیكه‌ن به نان.“
دابەشكردنی بەشە ئاردی پێنجەمى ئه‌مساڵ له‌كاتێكدایه، كه ئێستا له هه‌رێمی كوردستان بەشەخۆراكی شەشەم لە رێگەی بریكارەكانی خۆراكەوە دابەش دەكرێت.
پێشتریش له‌مانگى شوباتى رابردوو، نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم به 964ـى راگه‌یاندبوو، كه بەشە ئاردی ئەم مانگە ئاردێكی زۆر باشه، داواشى لەخەڵک كردبوو، نه‌یفرۆشنه‌وه و بیكه‌ن به‌نان.
له هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر نه‌فه‌رێك مانگانە لە بەشە خۆراکدا نۆ كیلۆ ئارد وەردەگرێت.
به‌پێی به‌داوداچوونه‌كانى 964، ساڵانە به‌شه ئاردى 12 مانگ كه دابەشى سه‌ر ته‌واوى بریكاره‌كان له هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، پێویستی بە نزیكەی 780 هەزار تەن ئارده، كه بۆ هه‌ر مانگێك 65 هه‌زار تۆنى پێویسته، بەڵام تا ئێستا هیچ ساڵێک وەزارەتی بازرگانی عێراق، بەشە خۆراکی 12 مانگى دابەش نەکردووە، پارساڵیش هاوڵاتییان ته‌نیا پێنج بەشە ئاردیان وه‌رگرتبوو.