رەنگەکەشی زەردە
هەفتەی یەک جارو دوو کاتژمێر ئاو دەدرێت
964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
چەمچەماڵ و ناحیەکانی هەفتەی یەک جار و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەکرێت.
ئەمڕۆ هەینی، دوای حەوت رۆژ ئاوی خواردنەوە درا بەهاوڵاتیانی ناحیەی شۆڕش، بەڵام رەنگی ئاوەکە زەردباو بوو.
ئاراس رەحیم، دانیشتووی گەڕەکی پیریایەکان لەناحیەی شۆڕش بۆ 964وتی، “ئەوە 35 ساڵە لە ناحیەی شۆڕش دەژین و کێشەی ئاوی خواردنەوە هەر بەردەوامەو نەتوانراوە چارەسەر بکرێت، هەندێک جار کاتژمێر دووی شەو ئاومان پێدەدرێت و هەرئاگامان لێنییە کە ئاو دێت، ئەمڕۆش نیوەڕۆ ئاوی خواردنەوەمان پێدراوە رەنگەکەی زەردبووەو ناچاری نەبێت، بەکەڵکی خواردنەوە نایەت”
سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی ئاوی چەمچەماڵ بە 964ـی وت، ساڵانە لەم وەرزەدا ئاوی دەریاچەی دوکان دەگۆڕێت، بۆیە رەنگی ئاوەکە بەو شێوەیە، بەڵام تام و بۆنی نییە و ئاوەکە تەندروستە بۆ خواردنەوەی هاوڵاتیان.
وتیشی، گۆڕینی رەنگی ئاوەکە لە هەموو چەمچەماڵ و قەزای بازیان بەهەمان شێوەیە، بەڵام چەند گەڕەکێک لە چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش، ڕاستەوخۆ ئاوی خواردنەوەیان لەسەر هێڵی دووی دوکان سلێمانیە و ئاوەکە پێشوەخته ناچێتە حەوزەکانەوە بۆیە راستەوخۆ پێیان دەگات، لەو گەڕەکانە رەنگی ئاوەکە زیاتر گۆراوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی