هۆڵێکی وەرزشی بۆ نابینایانی هەولێر دروست دەکرێت

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

دوو خێرخوازه‌وه‌، هۆڵێکی وەرزشی مۆدێرن بۆ نابینایانی هەولێر دروست ده‌كه‌ن.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی ھەولێر رایگه‌یاند، له‌ لایه‌ن دوو خێرخوازه‌وه‌ بڕیاردراوه‌ هۆڵێكی وه‌رزشیی مۆدێرن بۆ نابینایانی هه‌ولێر بێته‌ دروستكردن.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ بڵاویكرده‌وه‌، دوێنێ چوارشه‌ممه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر، لەگەڵ حەسەن یوسف بەڕێوەبەری پەیمانگەی رووناکی نابینایان پێشوازیان لە دوو خێرخوازه‌كه‌ کردووه‌ و گفتوگۆیان له‌ باره‌ی دروستکردنی هۆڵه‌كه‌كردووه‌.

به‌ پێی زانیارییه‌كان، هۆڵەکە لە دوو نهۆم پێک دێت و سەرجەم پێداویستییە وەرزشییەکان و کەلوپەلەکانی دیكه‌ لەخۆدەگرێت.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ له‌ فه‌یسبووكی خۆیان ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌، هۆڵەكه‌ بەیانیان قوتابیانی پەیمانگەی رووناکی نابینایان سوودی لێ وەردەگرن، ئێوارانیش بۆ سەرجەم نابینایانی هەولێر کراوە دەبێت و به‌م زووانه‌ كاری دروستكردنی ده‌ستپێده‌كات.