لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 20 هەزار بیری نایاسایی لێدراون

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاندووە، تا کۆتایی ساڵی 2022 زیاتر لە 28 هەزار بیری (بێ مۆڵەت) لێدراون و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 20 هەزاری لە پارێزگای سلێمانییە.

بە گوێرەی ئەو راپۆرتە بێت وەزارەتی کشتوکاڵ لە بارەی چالاکییەکانی چوار ساڵەی وەزارەتەکەیان رایانگەیاندووە، لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و ئیدارەی گەرمیان تا مانگی 12ی ساڵی 2022 ژمارەی ئەو بیرانەی بێ مۆڵەت لێدراون، گەیشتووەتە 28 هەزار و 410 بیر.

دابەشکاری بیرە رێگەپێنەدراوەکان لە راپۆرتەکەی وەزارەتی کشتوکاڵدا بەم جۆرەیە، لە پارێزگای هەولێر شەش هەزار بیر، لە پارێزگای سلێمانی 20 هەزار و 410 بیر، لە پارێزگای دهۆک 500 بیر و ئیدارەی گەرمیان هەزار و 500 بیر لێدراون.

هەر بە گوێرەی راپۆرتەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، 26 هەزار و 15 بیر بە شێوەی (یاسایی) لێدراون، لە پارێزگای هەولێر نۆ هەزار و 777 بیر، لە پارێزگای سلێمانی 10 هەزار و 54 بیر، پارێزگای دهۆک چوار هەزار و 409 بیر و لە ئیدارەی گەرمیان هەزار و 878 بیر بە شیوەی یاسایی لێدراون.

بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە لە کاتێکدایە، زانیارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ دەریدەخەن ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە چەند شارێک بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو دابەزیوە تەنانەت لە هەولێر ئاستی ئاوی ژێرزەوی بۆ 400 مەتر دابەزیوە.