گوندێک جەژن بۆ هاتنەوەی حاجی لەقلەقەکان دەگێڕێت
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
خەڵکی گوندی دەرەتفێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵانە لەگەڵ هاتنەوەی حاجی لەقلەقەکان دەیکەن بە جەژن و هەڵپەڕکێ، ئەمەش لەبەرئەوەی بە هێمای ئاشتی و گەڕانەوەی خۆشیی دەزانن.
لەقلەقەکان سەرەتا دوو هێلانەیان لەو گوندە دروست کرد، دواتر خەڵکی گوندەکە خۆیان نزیکەی 50 هێلانەیان بۆ دروستکردن و ئێستا ژمارەی ئەو حاجی لەقلەقانە بووەتە 100 دانە.
گوندی دەرەتفێ (دەرەتوو) 14 کیلۆمەتر دەکەوێتە دووریی شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، تایبەتمەندی ئەم گوندە لەوەدایە، ژمارەیەکی زۆری حاجی لەقلەقی لێیە و بەهۆیەوە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر روو لە ناوچەکانیان دەکات.
محەمەد بێکەس، ئەنجومەنی گوندی دەرەتفێ بە 964ی وت، “کۆتایی زستان تا سەرەتای بەهار حاجی لەقلەقەکان لە گوندەکە دەمێننەوە، هەموو ساڵێک لە مانگی رێبەنداندا خەڵکی گوند جەژن بۆ هاتنەوەیان دەگێڕین”.
جەژنەکەی ئەوان بەخشینەوەی شیرینی و شایی و هەڵپەرکێیە، بە وتەی محەمەد بێت، ئەم جەژنە لە بەرانبەر ئاشتیخوازی خەڵکە بۆ باڵندەکان.
بوونی حاجی لەقلەقەکان وایکردووە، خەڵکانێکی زۆر بۆ گەشت بێنە ناوچەکە، ئەوکاتانەشی حاجی لەقلەقەکان کۆچ دەکەن، دێنە باشووری کوردستان و بە تایبەت ئیدارەی گەرمیان بۆ چەند مانگێک دەمێننەوە و دواتر دەگەڕێنەوە دەرەتفێ.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی