وێنەی تابلۆی سەنتەری راوێژکاری حەساسیەت و رەبۆ. فۆتۆ: تەندروستی سلێمانی
رێژەکەی بووەتە نیوە
لە مانگێکدا لە سلێمانی 68 حاڵەتی نەخۆشی رەبۆ تۆمار کراوە
964+
فەهمی نەبی
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی رایگەیاندووە، تەنیا لە ماوەی مانگی رابردوودا 68 نەخۆشی نوێی رەبۆ لە سەنتەری هەستیاری و رەبۆی شاری سلێمانی تۆمار کراوە.
ئەمڕۆ شەممە، ماڵپەڕی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاندووە، لە ماوەی مانگێکدا 694 نەخۆش بۆ چارەسەری رەبۆ و حەساسیەت سەردانی سەنتەرەکەیان کردووە.
لەو رێژەیەی سەردانی سەنتەرەکەیان کردووە، %67ی ئەو کەسانە نەخۆشی هەناسەتانگیان هەبووە، کە ژمارەیان 466 کەس بووە، بەڵام تەنیا 228 نەخۆش بۆ هەستیاریی پێست سەردانی سەنتەرەکەیان کردووە.
تەندروستیی سلێمانی رایگەیاندووە، لە ماوەی مانگی رابردوودا، وەک حاڵەتی نوێ 68 کەس نەخۆشی رەبۆیان گرتووە، لەگەڵ ئەوەدا 118 حاڵەتەکانی نەخۆشی کۆئەندامی هەناسە دەستنیشانکراوە، هاوکات 10 حاڵەتی ئەنفلوەنزا، 169 حاڵەتی هەوکردنی پێست و ئەکزیما، 59 حاڵەتی نەخۆشییەکانی پێست تۆمارکراوە.
ئەو رێژەیە بەراورد بە مانگی ئایار کەمی کردووە، بە جۆرێک لە مانگی پێنجدا 150 حاڵەتی رەبۆ لە شاری سلێمانی تۆمارکراوە، 206 حاڵەتی کۆئەندامی هەناسە، 268 حاڵەتی هەوکردنی پێست و ئەکزیما و 76 حاڵەتی نەخۆشیەکانی پێست تۆمارکراوە.
964 سۆراغی ژمارەی تووشبوانی نەخۆشی حەساسیەت و رەبۆی لە هەرێمی کوردستان کرد، بەڵام لە دەزگا تەندروستییەکانی هەرێمدا هیچ ئامارێک بۆ ژمارەی تووشبوان نەبوو.
سەنتەری راوێژکاریی نەخۆشییەکانی هەستیاری و رەبۆ لە ساڵی 2003 لە سلێمانی دامەزراوە.