خانووەكان دیزاینێكی سەد ساڵەیان هەیە
دوو سیمبولەكەی ئاكرێ مەترسی لەناوچونیان لەسەرە
964+
زەید كۆچەر
گەڕەكی چۆستە و گڕاڤا لە ئاکرێ دوو گەڕەكی كۆنی شارەكەن و بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە مەترسی روخانیان لەسەرە و هاوڵاتیانیش داوادەكەن شارەوانی چارەسەری كێشەكانی ئەو دوو گەڕەكە كە بە سیمبولی شارەكە ناسراوە بكرێت.
گەشتیارێكی زۆر سەردانی ئەو دوو گەڕەكە دەكەن، بەهۆی ئەوەی كۆنە و شوێنەوارێكی دێرینی لێیە، بەپێی زانیارییەكان تەمەنیان دەگەڕێتەوە بۆ 1700 ساڵ پێش ئێستا.
بە هەردوو گەڕەكەكەوە 1500 خانوی كۆنی لێیە، كە بە بەرد و داری كۆن و ستایلێكی زۆر كۆن دروستكراون.
عومەر ئاكرێیی، هاوڵاتیەكی دانیشتووی ئەو گەڕەكانەیە داوا لە شارەوانی دەكات گەڕەكە كۆنەكان بپارێزرێت و پشتگوێ نەخرێن.
بەهۆی ئەوەی تەمەنیان زۆر زۆرە، بەشێك لە خانووەكان بەهۆی كاریگەری باران و خۆرەوە مەترسی لەناوچونیان لەسەرە.
بڵند رەزا زوبێر، سەرۆكی شارەوانی ئاكرێ بە 964ی وت، راستە ئەم دوو گەڕەكە بوونەتە سیمبولی ئاكرێ و جوان و سەرنجراكش و تایبەتن، داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران كردووە زیاتر هاوكارمان بن بۆ خزمەتكردنیان.
لە ساڵی 2010 بڕێك پارە كە نزیكەی 650 ملیۆن دینار بوو، بۆ هەردوو گەڕەكەكە تەرخانكرا بەڵام كەم بوو، تاساڵی 2013 بەردەوامبوو بەڵام دواتر نەما.
گەڕەكەكان لەمسەر بۆ ئەوسەر پێكدێن لە ژمارەیەك خانووی كۆن، كە لەبەردوو قڵس و چیمەنتۆ دروستكراون، گەڕەكەكە بەشێوەی پلیكانە دروستكراوە لە هەندێك شوێندا، بەتەواوەتی بووەتە پێپلیكانەی گەورە، دەرگا و پەنجەرەكان لە دارگوێز دروستكراون، رەنگێكی قاوەی تۆخیان هەیە، کۆڵانەکانی زۆر تەسكە، لە هەندێك شوێن هێندەی تولە رێیەكی ماوەتەوە.
سەقفی خانووەكان لەگڵ و قسڵ و هەندێكیشیان لە چیمەنتۆ دروستكراون، لەناوەوەش رەفەی بچوك و تاقی گەورە و بچوك دروستكراوە بۆ دانانی چرا و كتێب و پێداویستی، دیوارەكەش لە گەچێكی رەنگ سپی مەیلەوشین سواقدراوە، دیمەنێكی سەرنج راكێش جوانی هەیە.
پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد