فەرمانگەی ئاو؛ دەبێت مزگەوت و قوتابخانەکانیش پارەی ئاو بدەن

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

فەرمانگەی ئاو لە پارێزگای دهۆک لە دوو نووسراوی جیاواز بۆ ئەوقافی گشتی دهۆک و پەروەردەی دهۆک، داوایان لێدەکات پێوەری ئاو لە هەموو مزگەوتەکان ببەستن و دەبێت پارەی ئاویش بدەن.

عەبدولرەزاق سەعید یەحیا، جێگری بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی دهۆک بە 964+ وت “پێش مانگێگ فەرمانگەی ئاو نوسراوێکی ئاراستەی ئێمە کردووە بۆ بەستنی پێوەری ئاو و پێدانی کرێی ئاوی مزگەوتەکان، ئێمەش نوسراوەکەمان ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کردووەو چاوەڕیێ وەڵامی ئەوانین”.

جێگری بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی دهۆک، پشتگیری تەواو لە فەرمانگەی ئاو دەکات و دەڵێ؛ لەگەڵ ئەوەداین لە مزگەوتەکان و تەواوی شوێنەکانی ئایینی پێوەری ئاو ببەسترێ، ئایینی ئیسلام هانی هەموو مرۆڤێک دەدات کە ئابووری لە ئاودا بکات ئیتر لەکاتی دەست نوێژگرتن بێت یان هەرحاڵەتێکی تر.

 964+ دەزانێت، لە دهۆک هەزارو ١٠١ مزگەوت هەیەو هیچ کامیان پێوەری ئاویان نەبەستووە.

ڤەگێر عەبدوڵلا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی دهۆک قسەی بۆ 964+ کردووەو دەڵێ؛ لە ٢٠١٨ـەوە بڕیار دەرچووە کە دەبێت شوێنە پیرۆزو ئایینییەکان و قوتابخانەکان دەبێت کرێی ئاو بدەن، تا ئێستاش دووجار نوسراومان ئاراستەی ئەوقافی دهۆک کردووە بۆ بەستنی پێوەری ئاو، بەهەمان شێوەش بۆ قوتابخانەکانیش، ئەمساڵ چەند قوتابخانەیەک پێوەریان بەستووە بەڵام تا ئێستا نە مزگەوت و نە قوتابخانەکان یەک دیناریان نەداوە.

 ڤەگێر عەبدوڵلا وتیشی” فەرمانگەکانی تر، لەگەڵ ئێمە زۆر هاوکارن و کریێ ئاو دەدەن، لێرەوە داوایان لە ئەوقاف و پەروەردە دەکەین ئەوانیش کرێی ئاو بدەن”.