رانیە.. بڵاوبوونەوەی ئاژەڵ لەناو شاردا سەوزایی بلوارەکانی نەهێشتووە

964+

مەجید بتوێنی – رانیە  

لە رانیە، جگە لەوەی دیاردەی بەخێوکردنی ئاژەڵ گەڕاوەتەوە ناو شارەکە، ئەوا مانگاکان سەوزایی بلوارەکانیان نەهێشتووە. شارەوانی رانیە دەڵێ؛ بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە بەڵام هێشتا بەردەوامە.

دیاردەی بەخێوکردنی مەڕوماڵات لە سەنتەری رانیە سەریهەڵداوەتەوە، مانگا و مەڕ و بزن و پەلەوەڕ ژمارەیان زۆر زیادی کردووەو لەگەڵ هەڵاتنی تیشکی خۆر بە شارەکەدا بڵاودەبنەوە، زیانی زۆریان بە سەوزایی و داری ناو شارەکەو ناو بلوارەکان داوە.

ئەو دارانەی  شارەوانی چاندونی و بەچەند ساڵ گەورەبوون ئەوان دەیان شکێننەوە وگەڵاکانی دەخۆن، لەوبارەیەوە هاوڵاتیان نیگەرانی خۆیان بە 964+ گەیاند  ” کە دیاردەی بەخێوکردنی ئاژەڵ لەناو شاردا دیاریدەیەکی ناشیرینە، ئەوان ناتوانن دار و گوڵ و سەوزایی لەبەر دەرگاکانیان بڕوێنن مانگاکان دەیخۆن پێویستە شارەوانی چارەسەرێک بۆ ئەوە بدۆزێتەوە.

  دوای ئەوەی مانگاکان پاشماوەکانی ناو سەتڵی خۆڵی بەردەرگای ماڵان دەڕێژن کرێکارانی ژینگەپاریز بەزەحمەتیەکی زۆر دوبارە دەبێت هەڵی بگرنەوە، پشتیوان عەباس یەکێک لەژینگەپارێزان بۆ 964+ دواو وتی؛ دوای چارەکێک لەکۆکردنەوەی خاشاکەکە بینیان کۆمەڵێک مانگا زبڵ وخاشاکەکانیان بڵاوکردۆتەوە.

بەشدار حەمید، لێپرسراوی راگەیاندنی شارەوانی راپەڕین بە 964+ی ووت؛ بەمەبەستی نەهێشتنی ئەودیاردەیە لەماوەی ڕابردوودا چەند هەڵمەتێکی نەهێشتن وتێکدانی زیادەڕۆیی ئاژەڵەکانی ناوشاریان ئەنجامداوە، چەند ئاژەڵێکی مانگا دەستیان بەسەرداگیراوە و ئاژەڵدارەکان بەڵێنامەیان پێ پڕکراوەتەوە کە دووبارە ئاژەڵ بەڕەڵای ناوشار نەکەن.  

بەهۆی زۆری  بەخێوکردنی ئاژەڵ لەناو شارەکان، هەر زیان بەژینگە و هاوڵاتیان ناگات جگەلەوەی گرفتی هاتۆچۆش دروست دەکات، ئاژەڵەکە ئەوەندە دایبی و نایلۆن دەخوات جاری واهەیە مردار دەبێتەوە.