مامۆستایانی وانەبێژ هەڕەشەی بایکۆت دەکەن
964+
فەرمان سادق
مامۆستایانی وانەبێژ هەڕەشەی بایکۆتی دەوام دەکەن ئەگەر نەکرێن بە فەرمی.
لەگەڵ ئەوەی هێشتا دوو مانگ زیاتر ماوە بۆ دەستپێکردنەوەی وەرزی خوێندنی 2023-2024 مامۆستایانی وانەبێژ هەڕەشەی بایکۆت و چوونە ناو هۆڵەکانی خوێندن دەکەن.
لە سەرجەم کوردستان 35 هەزار و 534 مامۆستای وانەبێژ هەیە و تێیدا هەیە زیاتر لە 13 ساڵە مامۆستای وانەبێژە.
عەلی رەئوف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە 964ـی وت، مانگێک زیاترە بە نامەی فەرمی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی داراییمان ئاگادار کردووەتەوە کە بۆ ساڵی نوێی خوێندن ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن ئەگەر نەکرێن بە مامۆستای هەمیشەیی.
لە ساڵانی رابردوودا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 جار مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی پەروەردە، پەرلەمانی کوردستان، پەروەردەی شارەکانیان، خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و تەنانەت چەندجارێکیش لەگەڵ پەرلەمانتاران و بەرپرسانی باڵای ئەنجومەنی وەزیران و خودی وەزیری پەروەردە کۆبوونەتەوە.
عەلی رەئوف دەشڵێت: بەسە ئیتر، مافی خۆمانە بکرێین بە مامۆستای فەرمی، ئەگەر ئەوەمان بۆ نەکەن کاتێک ئەوان لە هۆڵەکانی خوێندن زەنگی وەرزی نوێی خوێندن لێدەدەن، ئێمە دێینە سەر شەقامەکان.