حاجیاوا عەلوەی کۆن بەکرێ دەدات و پێویستی بە هی نوێ هەیە

964+

فەهمی نەبی

شارەوانیی حاجیاوا بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی 30 رۆژدا عەلوەی سەوزە و میوە بەکرێ دەدەن، بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، “عەلوەکە کونە و پێویستیمان بە عەلوەی نوێ هەیە”.

رووبەری ئەو عەلوەیەی شارەوانیی حاجیاوا بڕیارە بەکرێی بدات، دوو هەزار و 250 مەتر دووجایە، شارەوانی دەیەوێت بۆ ماوەی دوو ساڵ بەکرێی بدات.

ئەزوەر جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا بۆ 964  دەڵێت، ئەو عەلوەیەی بۆ کرێ راگەیەنراوە، کۆنە و حاجیاوا پێویستی بە عەلوەی نوێ هەیە، چی کەرتی وەبەرهێنان یان کەرتی تایبەت بێت.

بە وتەی بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا، ناوچەکە لە رووی کشتوکاڵییەوە دەوڵەمەندە، ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییەی لە سنوورەکەدا زۆرتر دەچیندرێت گوڵەبەڕۆژەیە و زۆرترین رێژەی لە گوندی کفرەدۆڵە، هاوکات ئەوەش دەڵێت کە ئاستی بەرهەمی کشتوکاڵی ئەمساڵ لە ناوچەکەیاندا مامناوەندە.

ئەو عەلوەیەی راگەیەنراوە بۆ کرێ، دەکەوێتە کەرتی 36ی میرەبەگ، بڕیارە لە 26.7.2023 بخرێتە موزایەدەوە.

قەزای حاجیاوا دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای پارێزگای سلێمانی، 129 کیلۆمەتر لێیەوە دوورە، 1 فەرمانگەی حکومی تێدایە و 24 گوندی لە ئێدارەی راپەڕین بەسەرەوەیە.