دارەکانی گردەگۆزینە بەکەمی ئاویان پێدەگات و شارەوانیش رەتی دەکاتەوە
964+
دارە چێندراوەکانی ناو بازاڕی ناحیەی گردەگۆزینە مەترسی وشک بوونیان لەسەرە، شارەوانیش رەتی دەکاتەوە و دەڵێت لە کاتی خۆیدا ئاو دەدرێن.
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەک کە کاسبکارانی بازاڕی ناحیەی گردەگۆزینەی تایبەت بۆ 964ـیان ناردووە، دەردەکەوێت دارەکان وشک هەڵگەڕاون و مەترسی وشک بوونیان لەسەرە.
ناحیەی گردەگۆزینە، سەر بە قەزای ناوەندی کەلاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانە.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە کاسبکاران بۆ 964ـیان ناردووە وشکی و بێ ئاوی دارەکان پیشاندەدات، ئەمە جگە لەوەی کە هیچ سەوزاییەک لە نێو بلواری شەقامەکاندا نابینرێت.
ئەو کاسبکارە، ناو و دەنگەکەی لای 964 پارێزراوە و دەڵێت: ساڵانی پێشوو رۆژانە خۆم ئاوم دەدان، بەڵام ملیۆنێک قەرزی کارەبام لەسەرە و ئێستا ناتوانم ئاوی بدەم.
ئەو جەختیشی لەوە کردەوە، لە پێش جەژنی قوربانەوە تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا دوو جار دارەکان ئاودراون و بەشێکیان بەرەو وشک بوونەوە دەچن.
بۆ ئەو مەبەستە 964 پەیوەندی بە کەمال عەلی، سەرۆکی شارەوانی گردەگۆزینەوە کرد، بەڵام رەتیکردەوە پرۆسەی ئاودانی دارەکان بە سستی بەرێوەبچێت.
دەشڵێت: هەموو رۆژ لە رێگەی تانکەرەکانمانەوە باخچە و بلواری شەقامەکان ئاودەدەین.
ناحیەی گردەگۆزینە، بە دووری پێنج کیلۆمەتر دەکەوێتە بەشی رۆژئاوای قەزای کەلار، لە 2500 ماڵ پێکدێت، کەچی تا ئێستا رێژەی پارک و سەوزایی دەستکرد لە ناحیەکەدا بە گوێرەی پێویست نییە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق