سەهەند ئەشرەف. فۆتۆ: سۆشیال میدیا
سێ یانەی پێشەنگ داوای دەکەن
سەهەند بانگهێشتی ریزی هەڵبژاردەی عێراق نەکرا
+ 964
یادگار محەمەد – سلێمانی
سەهەند ئەشرەف بانگهێشتی ریزی هەڵبژاردەی عێراق نەکرا، ئەمەش لە کاتێکدایە لە لایەن چەند یانەیەکی پێشەنگی خولی عێراقەوە داوا کراوە.
دوای ئەوەی لە وەرزی پێشووی خولی عێراقدا سەهەند ئەشرەفی ئەستێرەی کوردی یاریی تۆپی دەست، لەگەڵ یانەی کەرخ درەوشایەوە، بانگهێشتی ریزی هەڵبژاردەی عێراق کرا و ماوەی دوو هەفتەشە لە شاری بەغدا، مەشق و راهێنان لەگەڵ هەڵبژاردەکە ئەنجام دەدات، بەڵام دواتر بە بیانووی ئەوەی کە جارێ گەنجە و داهاتووی لەبەردەمدایە، لە پێکهاتەکە بۆ بەشداریکردن لە خولی عەرەبی دوورخراوەتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی 964 سەهەند رایگەیاند، ماوەی دوو هەفتەیە لە شاری بەغدا لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق مەشق و راهێنان دەکات، دەستەی هونەری زۆر لە ئاستی رازی بوون، بەڵام کاتێک پێکهاتەی فەرمی راگەیەنرا، ئەو دوورخراوەتەوە، کاتێکیش ئاگاداریان کردووەتەوە پێیان راگەیاندووە جارێ گەنجە و داهاتوویەکی پرشنگدار چاوەرێی دەکات و هەلی دیکەی هەیە.
هەروەها وتیشی، هەرچەندە بانگهێشتنەکردنی زۆر لەلا ناخۆش بووە، بەڵام لە لایەن یانە بەهێزەکانی خولی عێراقەوە داواکراوە و ئەویش تاوتوێی ئەو گرێبەستانە دەکات و دواتر بڕیار لەسەر یەکێکیان دەدات.
هەڵبژاردەی تۆپی دەستی عێراق لە 18 یاریزان پێکهاتووە و بڕیارە لە رۆژانی 5 تا 18 ـی ئەم مانگە، لە وڵاتی جەزائیر هەڵبژاردەی عێراق بەشداری بکات لە خولی وڵاتانی عەرەب و یەکەم یاریشی بەرامبەربە سعودیە دەبێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا