"هەندێ لە هاوڵاتیان ئەو کارە دەکەن"

لە هەولێر پاشماوەی ئاژەڵەکان لەسەر شەقامەکان فڕێدەدرێن

964+

شیراز عەبدوڵا – هەولێر

لەگەڵ ئەوەی شارەوانی هەولێر 35 شوێنی بۆ فڕێدانی پاشماوەی ئاژەڵی قوربانیکراو دیاری کردووە، بەڵام هێشتا هەندێک لە هاوڵاتیان لەسەر شەقامەکانی دەرەوەی سەنتەر فڕێیدەدەن. ئەوە قسەی شارەوانی هەولێرە.

لە رێگای نێوان قەزای بنەسڵاوە و ناحیەی دارەتوو و نزیک گەڕەکەکانی گەڕەسۆر‌ و شاری زەیتوون، پاشماوەی وەک ورگ و پێستە و بەشێک لە قاچ و سەری ئەو ئاژەڵانەی کراون بە قوربانی فڕێدراون.

ئەو کارەی هاوڵاتیان دەیکەن کاری تیمەکانی پاککردنەوەی سەر بەشارەوانیان قورستر کردووە.

ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لە شارەوانی هەولێر بە 964ـی راگەیاند، ئەو حاویانەی دابین کراون رۆژانە دوو بۆ سێ جار بەتاڵ دەکرێن و 13 ژمارەی تەلەفۆنیش راگەیەندراون بۆ رێنماییدان بە هاوڵاتیان بۆ فڕێدانی پاشماوەکانیان.

وتیشی، “ئەو جۆرە فڕێدانەی پاشماوەی ئاژەڵ ئەرکی 1000 ژینگەپارێزی ئێمەی قورستر کردووە، کە لە هەولێر کاری پاککردنەوە دەکەن”.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد