سێ کچە یاریزانی تایکواندۆی چەمچەماڵ بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کران

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

لە پاڵەوانیەتی کراوەی یانەکانی عێراق بۆ بەچکەشێران و لاوان لەسەر ئاستی کچان و کوڕان، سێ کچە یاریزانی تایکواندۆی چەمچەماڵ خۆیان گەیاندە هەڵبژاردەی تایکواندۆی عێراق.

پاڵەوانیەتیەکە لە رۆژانی 24 تاوەکو 27ـی ئەم مانگە لەسەر ئاستی پارێزگانی عێراق لە شاری بەغداد بەڕێوەچوو.

یانەی تایکواندۆی چەمچەماڵ، تاکە یانەی سنووری پارێزگای سلێمانی بوو کە بەشداری لە پاڵەوانیەتییەکە کردبوو.

بۆ ئاستی لاوان، دەبوو یاریزانەکان لەدایکبووی ساڵانی 2006 بۆ 2008 بن، بۆ ئاستی بەچکەشێرانیش لەدایکبووی ساڵانی 2009 بۆ 2011 بن.

ئیمان نازم و چیا عوسمان، ئەو دوو یاریزانەن لەسەر ئاستی لاوان پلەی یەکەمیان بە دەستهێناوە و دالیا عومەریش لەسەر ئاستی بەچکەشێران پلەی یەکەمی بە دەستهێناوە، هاوکات ئارمان مەریوان لەسەر ئاستی بەچکەشێران پلەی دووەمی بە دەستهێناوە.

هاوتا ئەبوبەکر، راهێنەری یانەی تایکواندۆی چەمچەماڵ قسەی بۆ 964 کردووە و شانازی بە سەرکەوتنی یاریزانەکانی دەکات و دەستکەوتە بە دەستکەوتێکی مێژوویی بۆ شاری چەمچەماڵ و پارێزگای سلێمانی ناودەبات.

دەشڵێت: بەمنزیکانە هەڵبژاردەی تایکواندۆی عێراق لە دەرەوەی وڵات بەشداری پاڵەوانیەتیەکدا دەکەن و چیا عوسمان و دالیا عومەر هەردوو کچە چەمچەماڵیەکەن و  ئیمان نازم کچە هەولێرییە و بۆ یانەی چەمچەماڵ یاری دەکات، توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت، بەشداری دەکەن.

یاریزانەکانی یانەی تایکواندۆی چەمچەماڵ پێکهاتبوون لە دوو یاریزانی خەڵکی چەمچەماڵ و پێنج یاریزانی خەڵکی سلێمانی و یەک یاریزانی خەڵکی شاری هەولێر.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق