بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێم: هیچ گەڕەکێک بێ ئاو نییە
964+
فەهمی نەبی
بەڕێوەبەری ئاوی هەرێم دەڵێت، هیچ گەڕەکێک نییە لە هەرێم هەمووی بێ ئاو بێت، بەڵکو کێشەکە لە چەند کۆڵانێکە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێم بۆ 964 قسەیکرد دەڵێت، “هیچ گەڕەکێکی هەولێر و هیچ شارێکی هەرێم نییە کە هەمووی بێ ئاو بێت، بەڵکو کێشەکە لە چەند کۆڵانێکە، ئەوەش پەیوەندی بەشکانی بۆڕی یان گرفتی تەکنیکیە”.
لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لەڕێگەی بەستنەوەی کارەبای بیرەکان بە مۆلیدەی گەڕەکەکان ئاری ئەحمەد دەڵێت، لەو 20 ملیارەی حکومەت تەرخانیکردووە، پلان ئەوەیە کارەبای 250 بیر بەکارەبای مۆلیدەکان ببەسترێتەوە، ئێستا 225 بیر کارەبای بە مۆلیدەی گەڕەکەکانیان بەستراوەتەوە و 25 بیریان لە دوو هەفتەی داهاتوو بەکارەبای مۆلیدە دەبەسترێنەوە.
بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێم، ئەوەشی وت، هەر بیرێک کارەباکەی بە مۆلیدە ببەسترێتەوە نابێت لە 200 مەتر دوورتربن لە یەکتر.
دوو هەفتە لەمەوبەر حکومەتی هەرێم، زیاتر لە 20 ملیار دیناری بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و دەوروبەری هەولێر تەرخانکرد، لەو پارەیە بڕی سێ ملیاری بۆ بیری جێگرەوە لە ناوخۆی هەرێم و دوو ملیاری بۆ دەرەوەی هەولێر تەرخانکراوە، بەشێکی دیکەی ئەو پارەیە بۆ چاککردنەوەی بۆڕی ئاوی ئیفراز یەک و دوو و سێ و بەکرێگرتنی تانکەری ئاو دانراوە.