کەمیی غازی ماڵانە
قایمقامی کۆیە: بەڵێنمان پێدراوە تا کۆتایی ئەم مانگە کێشەی غاز چارەسەر بکرێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
ماوەی نزیکەی 14 رۆژە قەیرانی کەمیی غاز لە کۆیە سەریهەڵداوە، قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، لە هەموو کوردستان کێشەکە هەیە و بەڵێنمان پێدراوە تا کۆتایی ئەم مانگە کێشەکە چارەسەر دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25.6.2023، تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە بە 964ی راگەیاند، پێشتر هەر کارگەیەکی غاز مانگانە حەوت باری بۆ دەهات، بەڵام نزیکەی 14 رۆژە ئەو بڕە بۆ شەش بار کەمکراوەتەوە.
هەر بارهەڵگرێک نزیکەی 20 تۆن غاز دەگرێت و بەشی مانگانەی کۆیە 280 تۆنە کە دەدرێت بە دوو کارگە و دابەشی سەر ماڵانی دەکەن.
بە وتەی تاریق حەیدەری، کێشەکە لە کێڵگەی غازی کۆرمۆرەوەیە و ئەم ماوەیە سەرقاڵی چاکسازی و نۆژەنکردنەوەیە.
“كێشەکە لە هەموو کوردستان دروست بووە، نەک تەنیا لە کۆیە، بەڵام خەریکە چارەسەر دەبێت و پێیان وتوون کە لە کۆتایی ئەم مانگە ئەو قەیرانە نامێنێت”، قایمقامی قەزای کۆیە وای وت.