ڤاگنەر هات.. مۆسکۆ شڵەژاوە

964+
ژووری هەواڵ

سەرلەبەیانی 24ی حوزەیرانی 2023، یاڤگنی پریگۆژین سەرۆکی گروپی ڤاگنەر رایگەیاند، “ئیتر بەسە، هێزەکانی روسیا لە پشتەوە لێماندەدەن و چیتر بێ وەڵام نابین”.

ڤاگنەر گروپێکی تایبەتی سەربازییە و لە ساڵی 2014 دامەزراوە، ئەو ساڵە بۆ لکاندنی دوورگەکانی کریمیا بە روسیاوە پشتگیری پوتینی کرد.

چەند مانگێکە پریگۆژین هۆشداری دەداتە وەزارەتی بەرگری روسیا کە چەکی پێویستیان نییە و نابێت پشتیان تێبکەن.

ڤاگنەر هەر لە سەرەتای گرژی نێوان روسیا – ئۆکراینەوە لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ بووە.

گروپەکە لە پاش بڕیاری هەڵگەڕانەوەکەی دەستیگرتووە بەسەر شاری رۆستۆڤۆندۆن کە زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر دوورە لە مۆسکۆی پایتەختەوە.

هەروەها سەرچاوەکان دەڵێن هەندێک بنکەی سەربازی گرتووە لە شاری ڤۆرۆنژ کە 500 کیلۆمەتر لە مۆسکۆوە دوورە.

پوتین و پریگۆژین هاوڕێی گەنجی یەکترن، هەردوولا متمانەی زۆریان بە یەکتری هەبوو، ئەمەی روودەدات هێشتا شۆکە بۆ خەڵکی روسیا و جیهان.

چاوەڕێدەکرێت وڵاتانی رۆژئاوا ئەم هەلە بقۆزنەوە و ئۆفەری هاوکاری پێشکەش بە ڤاگنەر بکەن و ئۆکراینیش بیر لە تووندکردنەوەی هێرشەکانی بکاتەوە کە ماوەیەکە هێرشی پێچەوانەی دەستپێکردووە.

ئەمەی روودەدات لەسەر ئاستی جیهان چاودێری دەکرێت، چونکە ئەنجامەکەی کاریگەری لەسەر ژیانی هەموو کەسێک هەیە لەسەر زەوی.