هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی خانەقین سووتا

964+

راژان باجەلان – خانەقین

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی خانەقین ئاگرێک کەوتەوە و هەر زوو لە لایەن تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە کۆنتڕۆڵ کرا.

کاتژمێر 3:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەو ئاگرە کەوتووەتەوە و بەوتەی بەرپرسانی نەخۆشخانەکە، تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە بە زوویی لە شوێنەکە ئامادەبوونە، تەنیا زیانی مادی هەبووە.

د.شوان شاکر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خانەقین بە 964ی راگەیاند، ئەو شوێنەی ئاگرەکەی لێی روویداوە هۆڵی نەشتەرگەرییە و لە ئێستادا چۆڵە و کاری نۆژەنکردنەوەی لێ ئەنجام دەدرا و لە دوا قۆناغەکانیدا بووە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خانەقین ئەوەشی وت، زیانەکان تەنیا مادی بوون، تەنیا دوو پانکەی سەقف و قەرەوێلەیەک و دەرگایەکی شوێنەکە زیانی بەرکەوتووە و بە زووترین کات دووبارە چاک دەکرێنەوە.

بە پێی لێکۆڵینەوە پۆلیسی خانەقین، روودانی ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی