چوارقوڕنە.. بکوژی ژنە ٤٥ ساڵەکەی سووتێنرا و ژێرگڵ خرا دەستگیرکرا
+964
دوای ٢٣ رۆژ بەسەر کوشتن و سووتاندن و ژێر گڵ خستنی، تۆمەتباری بکوژی ناسکە قادر پیرۆت دەستگیر دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە شەشی کانونی یەکەم، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ؛ لە ٢٤ـی مانگی رابردوو هاوڵاتیانی سنووری ناوچەکە ئاگاداریان كردینەوە بە بوونی تەرمێك لەنزیك زێی بچووك، “دەستبەجێ هێزەكانمان بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین و بەبڕیاری دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی رانیە، گەیشتینە ئەو شوێنەی كە تەرمەكەی لێبووە، دوای هێنانە دەرەوەی تەرمەكەی رێكاری یاسایی پێویست گیرایەبەر و تەرمەكەی هێندرا بۆ پزیشكی دادی رانیەو دواتر لەوێشەوە بەرێكرا بۆ پزیشكی دادی سلێمانی بەمەبەستی توێكاری”.
ناسكە قادر پیرۆت تەمەن ٤٥ ساڵ، ئەو ژنەی لە ١٣ـی مانگی رابردوو کاتێک لە ماڵەوە دەچێتە دەرەوەو بۆ ئێوارەکەی نەگەڕایەوە ماڵەوە.
ناسکە قادر پیرۆت، دانیشتووی ناحیەی چوارقوڕنەی سەر بە قەزای ناوەندی رانیەی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینە، دوای رووداوەکەو دۆزینەوەی تەرمەکە بە سووتاوی و ژێر گڵ خستنی، حکومەتی هەرێم لەسەر ئەو دۆسیەیە دێتە دەنگ.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمان بە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان کرد کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن.
لە راگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین هاتووە، دوای هەتنە سەرخەتی جێگری سەرۆکی حکومەت، بە بڕیاری دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی رانیە دۆسیەی لێكۆڵینەوەی كرایەوە.
“لە ٢٤ـی مانگی رابردوو چەندین كەس دەستگیركران، دوای لێكۆڵینەوەی وردو كۆكردنەوەی بەڵگەی پێویست، یەكێك لە دەستگیركراوەكان بەناوی (خ ، ر) تەمەن ٣٩ ساڵ، لەبەردەم دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی رانیە دانی بە تاوانەكەی ناوەو لە ئێستادا راگیراوە بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی و لێكۆڵینەوەش لە دۆسیەكە بەردەوامە”.