واشنتن لە یەكێتی و پارتی  زۆر نیگەرانە

كوردستان ئەحمەد- هەولێر

بەرپرسانی باڵای ئەمریكا نیگەرانن لە گرژییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی و بەدواداچونی  ورد بۆئاڵۆزیەكانی ئەم دوایە دەكەن.

ئاژانسی رۆیتەرز لە سەر زاری بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا راپۆرتێكی بڵاو كردوەتەو و دەڵێت ،” ئاڵۆزیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی نیگەرانی گەورەی لە  واشنتن دروستكردووە،  بەدواداچونی ورد دەكەن و چاودێری دۆخی ئاڵۆزیەكان دەكەن.

بەپرسە باڵاكەی واشنتن كە نەویوستوە ناوی خۆی ئاشكرا بكات دەڵێت:” ئێمە دەمانەوێت  هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان هاوئاهەنگی تەواوەتیان پێكەوە هەبێت و بتوانن وەك دوو هاوبەشی سەرەكەی پێكەوە كاربكەن بە وردی كار لەسەر كێشە سەرەكیەكان بكەن چونكە ئەوە لە بەرژەوەندی  ئەمریكا و خۆشیاندایە..

بەپێی زانیارییەكانی ناو راپۆرتەكە كوژرانی ئەفسەرێكی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە هەولێر لە ٧ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢ دا پەیوەندیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی ئاڵۆزتر كردووە لە کاتێکدا پارتی بەرپرسانیی ئەمنیی  یەکێتی بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی ئەفسەرەکە تۆمەتبار دەکات و یەکێتی تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە. 

رۆیتەرز نوسیویەتی ، “هەندێ بەرپرسی یەکێتی بە نهێنی دەڵێن، ئەگەر لەسەر کۆمەڵێک پرس سازش نەکرێت، رەنگە یەکێتی لە کۆتاییدا لە حکومەت جیابێتەوە و ئیدارەی تایبەت بەخۆ دروست بكات چونكە گرژیەكان گەیتوەتە ئاستێك جێگری سەرۆك وەزیران و بەشێك لە وەزیرەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كۆبوونەوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بەشداری ناكەن.

ئاڵۆزیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بووەتە هۆی ئەوەی كە بەربەست دروست ببێت لە بەردەم گەورەكردن و فراوانكردنی گەورەترین كێڵگەی گاز لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كە پێی دەوترێت كۆرمۆر لە چەمچەماڵ، ئەوەش زیانی گەورەی گەیاندووە  بە هەناردەی گازی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوروپا

رۆیتەرز لەسەر زاری گەورە بەرپرسەكەی واشنتن نوسیویەتی، ناتەبای نێوان پارتی و یەكێتی سەرچاوەی گەورەی نیگەرانی  وڵاتانی رۆژئاوای كوردستانن بەتایبەتی ئەمریكا زۆر لە پرسەكە نیگەرانە و گفتوگۆی وردی لەبارەوە دەستپێكردووە.

نیگەرانیەكانی یەكێتی زیاتر لەوەوە دەستپێدەكات كە ٨ كەسی گەورەی ناو حزبەكەی وازیان لە یەكێتی هێناوە و پەیوەندیان كردووە بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، هەروەها سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان  مەسرور بارزانی پلەیەكی باڵای داوە بە ئەژی ئەمین بەرپرسی پێشوی دەزگای هەواڵگری یەكێتی .

لەكۆتای راپۆرتەكەدا باس لەوەكراوە كە دۆخی ئاڵۆزیەكان گەیشتوەتە ئاستێكی زۆر بەرز كە دەست بۆ زۆر شتی گرنگ و مەترسی دار براوە، واشنتن زۆر نیگەرانە و دەیەوێت كێشەكان چارەسەر ببن بە جۆرێك زیانەكان نەگەنە ئاستێكی زۆر بەرز و باڵا.