هەر چوار رۆژەکە دەتوانن ئاژەڵ ببەن
کوشتارگەی سلێمانی: لای ئێمە قوربانی بکەن
964+
پێشەوا محەمەد
کوشتارگەی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان دەکات قوربانییەکانیان لای ئەوان بکەن و دەڵێن، بۆ سەلامەتی تەندروستییە.
کوشتارگەکە سێ رۆژی یەکەمی جەژنی قوربان لە کاتژمێر حەوتی سەرلەبەیانییەوە تا کۆتایی کوشتار ئاژەڵ لە خەڵک وەردەگرن.
لە کوشتارگەکە هەموو پشکنینێک بۆ ئاژەڵەکە دەکرێت و سەردەبڕدرێت، بۆ ئاژەڵی بچووک شەش هەزار و بۆ هی گەورە 30 هەزار دینار وەردەگیرێت.
“ئەگەر کەسەکە بیەوێت بە بەڕادی کوشتارگە قوربانییەکەی بۆ ببرێتەوە و لەوێش بۆی پارچەپارچە بکرێ بڕە پارەیەکی تری کەمی لێوەردەگیرێت”، ئەوە قسەی شاڵاو عارف، پزیشکی ڤێتێرنەری کوشتارگەی سلێمانییە بۆ 964.
وتیشی، “کارەکە بۆ تەندروستی هەمووان گرنگە و لێرە هەموو رێکارە تەندروستییەکان بۆ ئاژەڵەکان دەگیرێنەبەر”.
لە ئێستادا کە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون هەیە، کوشتارگەکە هیچ ئاژەڵێک سەرنابڕێت کە هەڵگری مشەخۆری دەرەکی بێت، “چونکە گومان دەکەین ئاژەڵەکە هەڵگری نەخۆشی بێت و لە مانگی پێنجی ئەمساڵیشەوە تا ئێستا سەدان ئاژەڵمان رەتکردووەتەوە”.