دەروازەی پەروێزخان دەڵێت قەدەغەمان کردووە

بەشێک لە هاوڵاتیانی گەرمیان بۆ گۆشت کڕین دەچنە ئێران

964+

توانا نەقی

ماوەیەکە بەشێک لە هاوڵاتیانی گەرمیان بۆ گۆشتکڕین دەچنە وڵاتی ئێران و لەوێ بڕی پێویست گۆشتی سوور دەکڕن بۆخۆیان.

بەشێک لەو هاوڵاتیانە دەڵێن، لەوێ نرخەکەی لەچاو لای خۆیان زۆر هەرزانتر دەکەوێت و پارەیەکی باشتریان بۆ دەمێنێتەوە.

هاوڵاتییەکی دانیشتوی کەلار بە 964ـی وت، ئەوان جاریواهەیە هەیە رۆژانە دەچنە ئێران و زۆر جار تەنیا بە مەبەستی گۆشتکرین دەڕۆن و خۆیان ئەو ئاژەڵە هەڵدەبژێرن کە دەیانەوێت بیکڕن و زۆر لە رووی نرخەوە   هەرزانتر دەوەستێت لەسەریان.

964 دەزانێت بەهۆی ئەوەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان دەکەوێتە سنوری گەرمیان و لە ئێستاشدا هاوڵاتیان دەتوانن بە بێ وەرگرتنی ڤیزا بچنە ئەو وڵاتە هاتوچۆکردن زۆر ئاسان بووە بۆیان.

عەباس محەمەد، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان بە 964ـی راگەیاند، چاودێری ئەو دۆخەدەکەین و ماوەی هەفتەیەکە قەدەغەیان کردووە کە هاوڵاتیان گۆشت بهێننە کوردستان و دەستی بەسەردا بگرن یەکسەر تەلەفی دەکەن.

وتیشی، لە ئێستادا کەشەکە گەرمە هەروەها بەهۆی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی تایخوێن بەربوون، ئاسایش و پۆلیس و لیژنەکانی خۆشیان بە وردی چاودێری ئەوە دەکەن کە هیچ هاوڵاتیەک بە هیچ بڕێک گۆشت لە ئێرانەوە نەهێننەوە بۆ ماڵەکانیان.

هەندێک لە هاوڵاتیان بە دوو کیلۆ یان تا پێنج کیلۆ گۆشت ئەکرن بە شێکیشیان بە کاملی ئاژەڵێک دەکڕن، نرخیشیان لەچاو هەرێمی کوردستاندا رەنگە تا نزیکەی 10 هەزار کەمتر بێت، عەباس محەمەد وای وت.