لە قەزای ئاکرێ یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمار کرا

964+
زەید کۆچەر- دهۆک

نەخۆشێک لە ناحیەی دینارته‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی پشكنینه‌كه‌ی، ده‌ركه‌وت تووشی نه‌خۆشی تای خوێنبه‌ربوون بووه‌.

پێش چەند رۆژێک پیاوێک لە ناحیەی دینارتە سەر بە قەزای ئاکرێ، سەردانی نەخۆشخانەی ئاکرێی كرد و دواتر پزیشکەکان گومانی نەخۆشی تای خوێنبەربوونیان لێكرد و پشکنینیان كرد و لە نەخۆشخانەدا مایه‌وه‌، ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ پشکنینەکەی گه‌ڕایه‌وه‌ و “پۆزەتیڤ” دەرچوو، واتا تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ بووه‌.

نێچیرڤان فه‌خره‌دین هەرکی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی ئاکرێ له‌م باره‌یه‌وه‌ بە 964ی وت، پیاوێکی 55 ساڵان، كه‌ خەلکی ناحیەی دینارتەیه‌، چوارشەممەی رابردوو سەردانی نەخۆشخانەی کردبوو، دۆخی تەندروستی باش نەبوو، پزیشکەکان گومانیان لێ هەبوو کە نەخۆشی تای خوێنبەربوونی هەیە، راسته‌وخۆ پشکنینی بۆ کرا و پشكنینه‌كه‌ی رەوانەی بەغدا کرا”.

وتیشی، نەخۆشەكه‌ تا ئه‌مڕۆ لە نه‌خۆشخانه‌ لە ژوورێکی تەنیادا خەوێندرابوو، هه‌ر ئەمڕۆش پشکنینەکەی گەڕاوەتەوە و پۆزەتیڤ دەرچوو.

بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی ئاکرێ ئاشكرای كرد، نەخۆشەكه‌ ئه‌مڕۆ دۆخی تەندروستی باش بووه‌ و رەوانەی ماڵەوە کراوە، بەڵام هەڵگری نەخۆشی تای خوێنبەربوونە، خۆی کاری ئاژەڵداری کردووە و کڕین و فرۆشتنی بە ئاژەڵ ده‌كات.

ئەمە دەبێتە دووەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە قەزای ئاکرێ، پارساڵیش کەسێکی دیكه‌ تووشی ئەم نەخۆشییە ببوو .