حەوت رۆژە خێوەتی مامۆستایانی ناڕازی خانەقین دانراوە 

964+

ڕاژان باجەڵان – خانەقین

ئەمڕۆ حەوتەمین رۆژە کە خێوەتی مامۆستایانی ناڕازی خانەقین دانراوە و تا ئێستا وەڵامێکی یەکلاکەرەوەیان وەرنەگرتووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، مامۆستایانی ناڕازی خانەقین حەوتەمین رۆژی خۆیان لەناو خێوەتی ناڕەزایی خۆیان بەڕێکرد، داواکاری ئەوان لە چوار چێوەی گواستنەوەی راژەکانیان لە سەر حکومەتی کوردستان بۆ سەر حکومەتی بەغدا خۆی دەبینێتەوە.

مامۆستا عەلی سۆفی، نوێنەری گشتی خۆپیشاندەران بە 964ـی راگەیاند، “داواکارییەکانمان روون و ئاشکرا بوو بۆ هەموو لایەک، ئێمە تەنیا مامۆستایانی ناو خانەقین نین بەڵکو ناوچەکانی گوڵاڵە و قزلرەبات و حەمرینیشمان لەگەڵدایە، داواکارییەکانمان مامۆستایانی کەرکوکیش هەیانە و ئەمڕۆ وەفدێکیان سەردانی ئێمەیان کردووە و بڕیارە بە یەکەوە بەردەوامی بە خۆپیشاندانەکانمان بدەین”.

ئاماژەی بەوە شکرد، کە ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا پەیوەندییان پێوە کردوون و بەڵێنی کارکردنیان لەسەر ئەو بابەتە پێداون، بەڵام بەهۆی ئەوەی خانەقین و کەرکوک پێکەوەن و ژمارەکە گەورەیە جوڵەکان هەندێک خاوە و کاتی دەوێت، بەڵام ئەوان لە هەڵوێستی خۆیان پەشیمان نابنەوە و درێژە بەم ناڕەزایەتییە دەدەن .

پێداچوونەوە: توانا نەقی