گەرمیان.. چاوی لە فڕۆکەخانەیە و پلانیشی بۆ داناوە
964+
هونەر فارس – گەرمیان
ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان سەرقاڵی تاوتوێکردنی پلانێکە بۆ دروستکردنی فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی، بۆ ئەم مەبەستەش زەوییان دابینکردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 19.6.2023، ئەو گفتوگۆیە لەناو شارەوانی گەرمیان کراوە.
بەگوێرەی زانیاریەکانی 964، پلانەکە لە شارەوانی گەرمیان لەلایەن هەریەک لە سەرۆکی شارەوانییەکانی گەرمیان و سەرۆکی شارەوانی کفری گفتوگۆی لەسەر کراوە.
بەگوێرەی پلانەکە بێت، زەوی بۆ فڕۆکەخانەکە لە سنووری قەزای کفری تەرخانکراوە، لە ئەنجامی قبوڵکردنی لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق و گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، ئەوا فڕۆکەخانەکەی گەرمیان دەکەوێتە سنووری قەزای کفری و دەست بە بونیادنانی دەکرێت.
سەرچاوەیەک لە شارەوانی گەرمیان هەواڵەکەی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد “لە قەزای کفری زەوی پێویست بەو پڕۆژەیە دیاریکراوە”.
پڕۆژەکە لە کاتێکدایە لە کەرکوکیش فڕۆکەخانە هەیە کە نزیکترین شارە لە سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و قەزای کفری، هاوکات لە سلێمانیش بەهەمان شێوە فڕۆکەخانە هەیە.
قەزای کفری، یەکێک لە شارە دێرینەکانی کوردستانە و لە ئیێستادا جوڵەی ئابووری و بازرگانی لە قەزاکەدا سستە و لە ئەنجامی بونیادنانی پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە جوڵەی ئابووری و بازرگانی لە قەزاکە دەبوژێتەوە و چەندین هەلی کار بۆ خەڵکی گەرمیان و قەزای کفری دەڕەخسێندرێت.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق