پردەکەی قەرەچەم کرایەوە

964+
میلاد جەلال – گەرمیان

پردی قەرەچەم کە ھەردوو ناحیەی باوەنوور و گوندی قەرەچەم بەیەکدەبەستێتەوە، لەماوەی رابردوودا بەھۆی مەترسی رووخانی پردەکە داخرا، بەڵام لەلایەن دانیشتوانی گوندەکەوە نۆژەنکراوەتەوە و ئەمڕۆ کرایەوە.

پردەکە لە ساڵی 2005 لەلایەن کارگەیەکی چەو و لمەوە دروستکرابوو، بەھۆی داخستنی کارگەکانی چەو و لم لە دوو ساڵی رابردوودا لەلایەن ئیدارەی گەرمیانەوە، لەوکاتەوە ھیچ چاکسازیەکی تێدا نەکراوە و پایەکانی مەترسی رووخانیان ھەبوو.

لەدوای چاککردنەوەی پردەکە، بەمەبەستی رێگریکردن لە دووبارە تێکچوونەوەی، رێگە بە ئۆتۆمبێلی گەورە نادرێت ھاتووچۆی بەسەردا بکات.

ھاوڵاتیەکی دانیشتوی ناحیەی باوەنوور کە کاری ئاژەڵداری دەکات لە گوندی قەرەچەم، بە 964ى وت “لەسەر بەرپرسیاریەتی خۆمان، ئەمڕۆ بڕیارماندا کە پردەکە لەسەر حسابی خۆمان چاک بکەینەوە و بەکاری بێنین بۆ ھاتووچۆ کردن، ئەمڕۆش شۆفڵ و حەفارە کاری تێدا دەکەن”

ئەو هاوڵاتییە ئاماژەی بەوەشکرد “لەکاتی داخرانی پردەکە ھاوڵاتیان و گوندنشینان لە ڕێگەی مەیدانەوە ھاتووچۆیان دەکرد، ئەمەش رێگەکەی نزیکەی کاتژمێرێک دوورە و گرفتی بۆ دروستکردبوون”.

لە 1ی حوزەیران کارگەی چەو و لمی قەرەچەم تابلۆیەکی بە پردەکەیا ھەڵواسی و شوفێرانی لە مەترسی ھاتووچۆکردن بەسەر پردەکە ئاگادار دەکردەوە، دوای چەند رۆژێک بەتەواوی پردەکە داخرا.

پردی قەرەچەم ھاتووچۆی نزیکەی 20 گوندی لەسەرە کە بەکاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵەوە سەرقاڵن، رۆژانە بۆ ھاتووچۆ بەکاری دەھێنن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی