لە 5 مانگدا 23 شوێنی سزاداوە

لە یەک رۆژدا چوار چێشتخانە لە کۆمەڵگەی چڕە داخران

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

964 ئاماری پێنج مانگی لیژنەی چاودێری بازاڕ لە قایمقامیەتی قەزای شێخان ئاشکرا دەکات و لیژنەکەش چوار رێستورانتی لە کۆمەڵگەی چڕە سزادا.

لە کۆمەڵگەی چڕەی سەر بە قەزای شێخان، زیاتر لە 20 خواردنگە هەن، لە بەسەردکردنەوەیەکی لیژنەکانی قایمقامیەت چوار خواردنگە و ژمارەیەک لە دوکانی تر سزای دارایی و داخستن دران.

لیژنەی چاودێری بازاڕ لە قایمقامیەتی قەزای شێخان، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ و 19 رۆژی ئەم مانگەدا، سەردانی زیاتر لە 500 شوێنی جۆراوجۆری کردووە و شەش شوێن داخراون، هاوکات 17 شوێنیش سزای دارایی دراون و کە بە کۆی گشتی دوو ملیۆن دینار سزا دراون.

دیارترین سزای دارایی لیژنەکە بۆ چوار خواردنگە بوو کە دوێنێ یەکشەممە لەسەر بەکارهێنانی گۆشتی بەرازیلی هەیەکەیان بە بڕی 150 هەزار دینار سزادران.

سامی محەمەد حەسەن، سەرۆکی لیژنەی چاودێری بازاڕ لە قایمقامیەتی شێخان بە 964ـی وت، لیژنەکەی ئێمە لەپێش مانگی رەمەزانەوە بەردەوام چاودێری بازار دەکات و چەندین شوێنی جۆراوجۆر سزا دراون و چەند شوێنێکیش داخراون.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق