فرۆشتنی نەوت لە بازاڕی ئازاد، دیمەنی دوکانێکە لە ناوەندی سلێمانی _ وێنە: 964
بەرمیلی بە 140 هەزارە
لەگەڵ ئەوەی نرخەکەی بۆ نیوە دابەزیوە خواست لەسەر نەوتی سپی ماڵان نەماوە
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
نرخی نەوتی ماڵان بەراورد بە 10 مانگی رابردوو بۆ نیوە کەمیکردووە، خواستیشی لەسەر نەماوە.
لە مانگی ئابی 2022، بەهای هەر بەرمیلێک نەوتی سپی ماڵان 290 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا لە بازاڕدا نرخەکەی لەنێوان 140 بۆ 145 هەزار دینارە، بەمەش نیوەی نرخەکەی لەدەستداوە.
دابەزینی نرخی نەوتی سپی ماڵان، بۆ بوونی بڕێکی زۆری نەوتی بەغدا، بێجی، بازیان و هەندێکجاریش ئێرانی دەگەڕێتەوە، کە نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی 216 لیتری لەنێوان 140 بۆ 145هەزار دینارە.
عوسمان حسێن، یەکێکە لە فرۆشیارانی نەوتی سپی ماڵان و قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: بڕیار بوو نەوتی سپی بدرێت بە دانیشتووانی ناو شاریش، ئەگەر دابەش بکرایە ئێستا نرخەکەی بۆ خوار 100هەزار دینار دادەبەزی.
زیاتر دەشڵێت: نەک هەر نیوەی نرخەکەی لەدەستداوە، بەڵکو خواستیشی لەسەر نەماوە و خەڵک هەر چاوەروانی ناردنی نەوتەکەی بەغدا دەکەن و زیاتریش خەڵک سۆپای غاز بەکاردەهێنن کە هەردووکیان هۆکارن لەسەر ئەوەی خواست لەسەر کڕینی کەمی کردووە.
“خەڵک هێندەی پرسیاری نەرخەکەی دەکەن، ئەوەندە لێمان ناکڕن”. عوسمان حسێن وای وت، ئەمەش لە کاتێکدایە ساڵانی رابردوو هەر بەهۆی کەمێک دابەزینی نرخی نەوتی سپی ماڵان لە وەرزی هاوین، خواستێکی زۆری لەسەر هەبوو.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق