شارەوانی دەربەندیخان بەھۆی نەبوونی گاز نەیانتوانی زیادەڕەویەکان بڕوخێنن

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان مۆڵەتی یەک ھەفتەی بەو ھاوڵاتیانە دابوو کە ئاژەڵ و پەلەوەر لەناو کۆڵانەکان بەخێودەکەن، دوای تەواوبوونی ھەفتەکە بەھۆی نەبوونی گاز، لیژنەکان نەیانتوانی ھەڵمەتەکە ئەنجامبدەن.

بڕیارەکەی قایمقامیەت لە 9ی حوزەیران دەرچووبوو، ئەمڕۆ دووشەممە لیژنەکانی لابردنی زیادەڕەوی شارەوانی دەربەندیخان ھەستان بە دەستپێکردنی ھەڵمەتەکە.

964 زانیویەتی لە نیوەی رێگا شۆفڵەکەی شارەوانی گازی تێدا نەماوە، نەیانتوانیوە بڕۆنە گەڕەکەکان بۆ روخاندنی خانوو کولانەی ئاژەڵ و پەلەوەرەکان.

ئومێد ئەحمەد، بەرپرسی لیژنەی زیادەڕەوی لە شارەوانی دەربەندیخان زانیاریەکانی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە و وتی”قایمقامی دەربەندیخان بەڵێنی پێداوین کە بۆ سبەینێ گازمان بۆ دابین بکات و ئێمەش دەست بە رووخاندنی زیادەڕەویەکان دەکەین”

قایمقامی دەربەندیخان پێشتر لە لێدوانێکیدا بە 964 وتی، لەسەر سکاڵای ھاوڵاتیان ئەو گەڕەکانەی کە ئاژەڵ و پەلاوەری تێدا بەخێو دەکرێت لادەبرێن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی