لە دهۆک دەستگیرا بەسەر زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلاری ساختەدا
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
پۆلیسی دهۆک دەستگیرکردنی باندێکی ساختەکردنی پارەی راگەیاند و دەڵێت، 570 هەزار دۆلاری ساختەیان پێبووە و ویستویانە لە بازاڕدا ساغیبکەنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گەورەترین باندی ساختەکردنی پارەیان دەستگیرکردووە کە لە سێ کەس پێکهاتوون و تاوەکو ئێستا زۆرترین پارەیان ساختە کردووە.
باندەکە لەلایەن ئەندامێکی خۆیانەوە هەواڵیان لێدراوە، پاش ئەوەی بە 29 هەزار دۆلاری ساختەوە دەستگیرکراوە و دانیپێدا ناوە کە ئەوان سێ ئەندامن و پارەیەکی زۆریان ساختەکردووە.
ئەندامێکی باندەکە ژنە و تەمەنیان لەنێوان 22 بۆ 37 ساڵیدایە و هەموویان دانیشتووی هەرێمی کوردستانن، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک وای وت.
تۆمەتبارەکان بەپێی مادەی 456 و 281 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون و هەموویان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.