تازەپێگەیشتووانی عێراق رووبەڕووی ئێران دەبنەوە
964+
یادگار محەمەد
تیپی باسکەی کچانی تازەپێگەیشتووانی عێراق گەیشتە ئێران و ئەمڕۆ شەممە رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە دەبنەوە.
لەسەر بانگهێشتی ئێران، هەڵبژاردەی باسکەی کچانی تازەپێگەیشتووانی عێراق کە تەواوی یاریزانەکانی لە کچانی رێکخراوی ژیمای شاری سلێمانی پێکهاتوون، ئێوارەی رۆژی 16ـی حوزەیرانی 2023 گەیشتنە شاری تارانی پایتەختی ئێران و ئەمڕۆ شەممەش رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە دەبنەوە.
رزگار رەئوف راهێنەری هەڵبژاردەکە بە تۆڕی 964ـی راگەیاند، وەک رێکخراوی ژیما ماوەیەکی زۆرە گرنگی بە دروستکردن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان دەدەن لەگەڵ وڵاتانی درواسێ، ئەم بانگهێشتەش لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندیەیە، کە پێشتر دروستیانکردووە، یاریزانانی رێکخراوەکەیان نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق دەکەن.
هەروەها وتیشی، بڕیارە لە ماوەی مانەوەیان بەشداری پاڵەوانیەتییەکی دۆستانە بکەن لەگەڵ هەڵبژاردەی ئێران، کە ئەوان ئامادەکاری دەکەن بۆ پاڵەوانیەتیی ئاستی دووی ئاسیا.
هەڵبژاردەی کچانی تازەپێگەیشتووانی عێراق ماوەی پێنج رۆژ لە ئێران دەمێننەوە، هەروەها جیا لەوەش تیپێکی دیکە، کە نوێنەرایەتی رێکخراوی ژیما و هەڵبژاردەی لاوانی عێراق دەکات، لە یاریی 3*3 بە ناوی یانەی غازی باکوور، رۆژی 21ـی 6ـی 2023 سەردانی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن و لەگەڵ ئەم تیپەدا یەکدەگرنەوە و بەشداریی پاڵەوانیەتییەکی نێودەوڵەتیی گەورە دەکەن.