سەرجەم یاریزانەکان کوردن
هەڵبژاردەی کاراتێی عێراق گەیشتنە تاران
+ 964
یادگار محەمەد – سلێمانی
شاندی هەڵبژاردەی کاراتێی عێراق گەیشتنە شاری تارانی پایتەختی ئێران.
بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ پاڵەوانیەتیی وڵاتانی عەرەب، کە بڕیارە رکابەرییەکانی لە رۆژانی 18 تا 26 ـی مانگی داهاتوو لە جەزائیر بەڕێوەبچێت، شاندی هەڵبژاردەی کاراتێی عێراق، کە راهێنەر و سەرجەم یاریزانەکانی کوردن، گەیشتنە ئێران.
شڤان عوسمان کاپتنی هەڵبژاردەکە تایبەت بە تۆڕی 964 ـی راگەیاند، تیمی کاراتێی هەڵبژاردەی عێراق بە مەبەستی چوونە نێو کەشی پاڵەوانیەتیی وڵاتانی عەرەب، بە پێویستیان زانی کەمپی مەشق لە ئێران رێک بخەن، چونکە پێی وایە ئێران ئاستێکی باڵای هەیە لە یاریی کاراتێدا.
وتیشی، ئەو ماوەی کە لە ئێران دەمێننەوە چەند یارییەکی دۆستانە لەگەڵ یانە و یاریزانانی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدەن و دواتر روو دەکەنە جەزائیر.
هەڵبژاردەی کاراتێی عێراق لە هەشت یاریزانی کورد پێکهاتوون، کە پێنج لەو یاریزانانە لە تیمی کۆمیتێن و پێکدێن لە شڤان عوسمان، مەبەست فایەق، هەمزە بەختیار، سەرهەنگ عوسمان و بەڕێز لوقمان، سێ یاریزانیشیان لە تیمی کاتان، ئەوانیش بینەر مستەفا، پەژار مەهدی و یوسف سەلام، هەڵبژاردەکەش لەلایەن شاخەوان ئەحمەد و مستەفا عەتالی میسرییەوە سەرپەرشتی دەکرێن.