کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی زیاد دەکات
964+
پێشەوا محەمەد
کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی دەبێتەوە بە نزیکەی 17 کاتژمێری رۆژانە، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ 12 کاتژمێری رۆژانە کەم بووبووەوە.
کۆتاییەکانی مانگی پێنجی ئەمساڵ کۆمپانیای داناگاز چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ کرد و بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە لە 500 ملیۆن پێ سێجاوە بۆ 250 ملیۆن پێ سێجا کەمی کردبوو.
بەو هۆیەشەوە کە کێڵگەکە سوتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا دابیندەکرد، بەرهەمێنانی کارەبا 1000 مێگاوات کەمی کردبوو.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا، کە ئەمڕۆ هەینی 16.6.2023 بڵاویکردووەتە، ئاساییبوونەوەی کارەبای نیشتیمانی راگەیاند، ئەوەش دوای کۆتاییهاتنی چاکسازی لە کێڵگەکەی چەمچەماڵ.
بە پێی زانیارییەکانی بەردەست 964، بەرهەمهێنانی کارەبا لە 3200 مێگاواتەوە بۆ 4200 مێگاوات زیاد دەکاتەوە.